ئه‌زهه‌ر: كوشتنی داعش و ئیخوان دروسته
له‌چوارچێوه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی ئه‌زهه‌ر بۆ كاری توندڕه‌وی و تیرۆریستی، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نوێ له كۆنگره‌ی ئه‌زهه‌ر له‌باره‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆره‌وه كه به‌مدواییانه رێكخرا، پێشكه‌شكراو تیایدا قسه له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی شه‌رعی ئه‌زهه‌ر به‌رانبه‌ر به گروپه تیرۆریستییه‌كان ده‌كات كه بانگه‌شه‌ی توندڕه‌وی ده‌كه‌ن و گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانڕه‌وا نابن.
ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه كه له گردبوونه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه ئیسلامییه‌كانه‌وه ده‌رچووه جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه كوشتنی ئه‌م تیرۆریستانه و ده‌ركردنیان له وڵاتی مسوڵمانان كارێكی ره‌وایه. هاوكات ئه‌زهه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ی ئیسلامییه‌كانی سه‌باره‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی ئیسلامی ره‌تكرده‌وه و جه‌ختیكرده‌وه كه ئه‌مه خه‌یاڵێكه و گوزارشت له داكه‌وت (واقیع) ناكات.
لێكۆڵینه‌وه‌كه كه له‌ژێر ناونیشانی "تاوانكاران و ده‌رچووان"دایه، باس له هه‌ڵوێستی شه‌رعی به‌رانبه‌ر به گروپه تیرۆریستییه‌كانی وه‌ك داعش و كۆمه‌ڵه‌ی ئیخوان موسلمین و پشتیوانانی به‌یت ئه‌لمه‌قدیس ده‌كات كه داوای توندڕه‌وی ده‌كه‌ن و به گوێڕایه‌ڵیكردنی فه‌رمانڕه‌واوه پابه‌ند نابن.
لێكۆڵینه‌وه‌كه جه‌ختده‌كاته‌وه كه چه‌ندین گروپ هه‌ن بڕوایان به‌و تێكستانه نییه كه داوای پاراستنی یه‌كڕیزی ده‌كه‌ن و كار له‌پێناو هه‌وڵدان به‌ره‌و گرتنی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات یان به پاڵنه‌ری په‌یوه‌ندیدار به ده‌مارگیری یان حزبی یان شتی تر كارده‌كه‌ن و ئه‌و گروپانه ئاینیان كردووه‌ته په‌رده‌یه‌ك تا راستییه‌كه‌ی له‌پشت بشارنه‌وه. ئه‌م جۆره گروپانه له‌دێر زه‌مانه‌وه هه‌ن.
هه‌ر له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا هاتووه كه خوای گه‌وره له قورئاندا ده‌فه‌رموێت: سزای ئه‌وانه‌ی دژی خوا و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی ده‌جه‌نگن و هه‌وڵده‌ده‌ن خراپه له‌سه‌ر زه‌وی بڵاوبكه‌نه‌وه ئه‌وه‌یه كه بكوژرێن یان له‌خاچ بدرێن یان ده‌ست و قاچیان به‌شێوه‌ی راست و چه‌پ ببڕدرێت یان دووربخرێنه‌وه. بینا له‌سه‌ر ئه‌و ئایه‌ته فه‌رمانڕه‌وا ئازاده له‌وه‌ی یه‌كێك له‌و سزایانه‌ی له ئایه‌ته‌كه‌دا هاتوون به‌سه‌ر هه‌ر یه‌كێكدا بسه‌پێنێت كه چه‌كی هه‌ڵگرتووه و هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی ده‌كوژێت. مه‌به‌ستیش له‌و دوورخستنه‌وه‌یه‌ی له‌و ئایه‌ته‌دا هاتووه بریتییه له دوورخستانه‌وه‌یان له وڵاتی موسڵمانانه‌وه بۆ وڵاتانی هاوبه‌ش په‌یداكردن بۆ خوای گه‌وره.
لێكۆڵینه‌وه‌كه جه‌ختیكردووه‌ته‌وه كه سوربوونی كۆمه‌ڵه‌ی ئیخوان موسلمین له‌سه‌ر ئایدیۆلۆجیاكه‌ی، كوشتن‌یان جائیز ده‌كات و فه‌رمانڕه‌وا بۆی هه‌یه سزای هه‌ر كه‌سێكیش بدات كه بره‌و به ئایدۆلۆجیایه‌یان ده‌دات، به‌ڵام نابێت سزای ئه‌و بره‌وپێده‌ره بگاته كوشتن.
سه‌باره‌ت به خه‌لافه‌تی ئیسلامیش كه گروپه ئیسلامییه‌كان هه‌میشه ده‌یوروژێنن، لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی ئه‌زهه‌ر باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌و فه‌رمودانه‌ی پێغه‌مبه‌ر درودی خوای له‌سه‌ر بێت كه به رووكه‌ش باس له خه‌لافه‌ت ده‌كه‌ن، گروپه‌كان به‌هه‌ڵه لێیان تێگه‌یشتوون و مه‌به‌ست لێیان فراوانكردنی ده‌سه‌ڵاتی ئاینی ئیسلامه و فراوانیش شتێكی رێژه‌ییه.
سه‌باره‌ت به سنوری گوێڕایه‌ڵیكردنی فه‌رمانڕه‌واش، ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی ئه‌زهه‌ر باس له‌وه ده‌كات كه گوێڕایه‌ڵیكردنی فه‌رمانڕه‌وا له زۆربه‌ی هه‌ره زۆری حاڵه‌ته‌كاندا پێویسته ئه‌گه‌ر سته‌مكاریش بێت ته‌نیا له‌و حاڵه‌ته‌دا پێویست نییه كه ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایه كارێكی پێچه‌وانه‌ی شه‌رعی خوا بكات بۆ نموونه ئه‌گه‌ر یاسای سو له مامه‌ڵه‌دا بسه‌پێنێت، به‌ڵام له‌و حاڵه‌ته‌شدا ده‌بێت ده‌رچوون لێی نه‌بێته هۆی ئاشوب و ئاژاوه‌گێڕی، ئه‌گه‌ر ببێته هۆی ئه‌وه، ئه‌وا پێویسته و باشتروایه ئارامی له‌سه‌ر بگیرێت و له‌مه‌شدا پشتی به‌چه‌ند فه‌رمووده‌یه‌كی پێغه‌مبه‌ر به‌ستووه‌و رونیشكردووه‌ته‌وه كه ئارامگرتن له‌سه‌ر سته‌می فه‌رمانڕه‌وا مانای رازیبوون نییه به‌و سته‌مه‌ی فه‌رمانڕه‌وا.
د.محه‌مه‌د مه‌هنا راوێژكاری شێخی ئه‌زهه‌ر رایگه‌یاند، كۆنگره‌ی ئه‌زهه‌ر له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندڕه‌وی و تیرۆر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی بانگه‌شه‌كانی گروپه تیرۆریستییه‌كانه له راڤه‌كردنی هه‌ڵه بۆ قورئان و فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ر درودی خوای له‌سه‌ر بێت. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه ئه‌زهه‌ر به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه ئاینییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهان، كار له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی راسپارده‌كانی كۆنگره‌كه ده‌كه‌ن.
خه‌ندان