سنووری رۆژئاوای کوردستان.. سێ سەربازی تورکیا کوژران

 سنووری رۆژئاوای کوردستان.. سێ سەربازی تورکیا کوژران
لە سنووری ریحا، لە شارۆچکەی سەرێکانیی رۆژئاوای کوردستان، سێ سەربازی تورکیا کە سەرقاڵی نۆبەتگیری بوون لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کوژران.

رووداوەکە نزیک کاژێر 1ی بەرەبەیان بە دووری 30 کیلۆمەتر لە سەنتەری سەرێکانی روویداوە و بەپێی زانیارییەکان تەقەکە لە گوندی تلخنزیری رۆژئاوای کوردستانەوە کراوە، لە ئەنجامیشدا سێ سەربازی تورکیا کوژراون.

تلخنزیر لە دەستی چەکدارانی داعشدایە و لە ماوەی رابردوودا بەردەوام شەڕ و پێکدادان لەنێوان داعش و یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG روویداوە.

دوای رووداوەکە فەرماندەییەکی سوپای تورکیا رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون و رێوشوێنەکانی سەر سنوور لە سەرێکانی تووندتر کراونەتەوە.

عیززەت کوچوک، پارێزگاری ریحا (ئورفا) رایگەیاند: "لێکۆڵینەوەمان لەبارەی رووداوەکە دەستپێکردووە و بۆ ئەوەی بزانین هۆکاری رووداوەکە چی بووە".

لەلایەکی دیکەوە زانیاریی ئەوە بڵاوکراوەتەوە، یەکێک لە سەربازەکان دوو سەربازەکەی دیکەی کوشتووە و دواتر خۆیشی کوشتووە، بەڵام ئەم زانیارییە لەلایەن هیچ فەرماندەییەکی سەربازی تورکیاوە پشتڕاستنەکراوەتەوە.









رووداو
Top