به‌ره‌ی نوسره‌ ده‌ستی به‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ كرد

به‌ره‌ی نوسره‌ ده‌ستی به‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ كرد
وه‌ك وه‌ڵامێكی بۆ ده‌ستگیركردنی جومانه‌ حه‌مید، هاوسه‌ره‌كه‌ی عه‌لی چیچانی، به‌ره‌ی نوسره‌ سه‌ربازێكی ده‌ستگیركراوی لوبنانیی كوشت و له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی لوبنانیش ئاژاوه‌ كه‌وته‌نێوان سوننه‌ و شیعه‌.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ دوێنێ هه‌ینی بڵاویكرده‌وه‌، به‌ره‌ی نوسره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ كوشتنی (عه‌لی به‌زال)، سه‌ربازی سوپای سوریا، كه‌مترین وه‌ڵامه‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستگیركردنی ژنان و منداڵانی ئه‌ندامه‌كانیان له‌لایه‌ن سوپای لوبنانه‌وه‌.

به‌ره‌ی نوسره‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌شیكرد كه‌ ئه‌گه‌ر سوپای لوبنان جومانه‌-ی هاوسه‌ری چیچانی و ژن و منداڵه‌كانی دیكه‌ی ئه‌ندامه‌كانی ئازاد نه‌كات، ئه‌وا ده‌ستگیركراوێكی دیكه‌ی سه‌ربه‌ سوپای لوبنان ده‌كوژن.

دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی كوشتنی عه‌لی به‌زال كه‌ له‌مانگی ئابی رابردووه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ره‌، هاوڵاتیانی گوندی ئه‌لبزالیه‌ی شیعه‌نشین كه‌ سه‌ربازه‌ لوبنانییه‌كه‌ش سه‌ربه‌و گونده‌یه‌، ده‌ستیانكرد به‌ خۆپیشاندان و گرتنی رێگه‌ی سه‌ره‌كی له‌ناوچه‌كه‌.

هاوڵاتیانی ئه‌و گونده‌ زاڵگه‌یان له‌سه‌ر رێگه‌كان دانا و داوای ناسنامه‌یان له‌و ئۆتۆمبیلانه‌ كردووه‌ كه‌ به‌ڕێگه‌كه‌دا تێپه‌ڕیوون، هه‌ندێكی دیكه‌ش باسیان له‌ رفاندنی چه‌ند هاوڵاتییه‌كی سوننه‌ مه‌زهه‌ب كردووه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، كوشتنی ئه‌و سه‌ربازه‌ وایكرد كه‌ شیعه‌ و سوننه‌كانی لوبنان ده‌مارگیریی زیاتر بكه‌وێته‌ نێوانیان، به‌پێی زانیارییه‌كانی سایتی ئیلاف له‌ ناوچه‌ی عرسال-ی سوننه‌نشین كه‌ ده‌كه‌وێت نزیك گوندی به‌زالیه‌-ی شیعه‌نشین، ته‌رمی گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 30 ساڵ دۆزرایه‌وه‌ كه‌ به‌ چه‌ند فیشه‌كێك كوژرابوو.







خه‌ندان
Top