موفتی سوننەی عێراق: میلیشیا شیعەکان مەترسییان لە داعش کەمتر نییە

 موفتی سوننەی عێراق: میلیشیا شیعەکان مەترسییان لە داعش کەمتر نییە
موفتی سوننەکانی عێراق میلیشیا شیعەكان بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی عەرەبی سوننە بە تۆمەتی تیرۆر، تۆمەتباردەکات و پێیوایە مەترسی میلیشیا شیعەكان لە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) كەمتر نییە.

لە كۆنگرەی ئەزهەر بۆ بەرەنگاربووونەوەی تیرۆر و تووندوتیژی، كە لە قاهیرەی پایتەختی میسر بەڕێوەدەچێت و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، رافع روفاعی، موفتی سوننەکانی عێراق رایگەیاند، "حكومەتێكی راستەقینە لە عێراق نییە، بەڵام 32 میلیشیای شیعە هەن، کە كۆنتڕۆڵی عێراقیان كردووە و بە پاساوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، خەڵكی سوننە دەكوژن و مەترسیشیان بۆ سەر عێراق لە مەترسی داعش كەمتر نییە".

هاوكات رافع روفاعی داوای لە بەشداربووانی كۆنگرەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كرد، "هەنگاوی کرداری بنێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تووندوتیژی".

موفتی سوننەکانی عێراق گوتیشی: " ئەو میلیشیایانە بەكرێگیراون و لەسەر ناسنامە خەڵكی دەكوژن، بەجۆرێک خەڵك ناوێرێ منداڵە تازە لە دایكبووەكانیان ناو بنێن عومەر، هەروەها ماڵی هاووڵاتیانی عەرەبی سوننە دەسووتێنن و وێنەی عەلی خامنەیی، رابەری روحی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەڵدەواسن".

لە سەرەتای كردنەوەی كۆنگرەكە، ئەحمەد تەیب، سەرۆكی زانكۆی ئەزهەر سەركۆنەی سەرجەم ئەو تاوانانەی كرد كە رێكخراوی "داعش" لە عێراق و سووریا ئەنجامیان دەدات و گوتی، "نابێ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تووندوتیژی لە پرسی عەرەب و مسوڵمانان و مزگەوتی ئەقساو فەلەستین دوورمان بخاتەوە".







رووداو
Top