ئەمریكا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات سەردانی غازی عەنتاب نەکەن

 ئەمریكا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات سەردانی غازی عەنتاب نەکەن
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئەنکەرە هۆشداری لەبارەی شاری غازی عەنتاب لە باكووری كوردستانەوە دەدات و مەترسی هێرشێكی تیرۆریستی دەخاتەڕوو.

لە بەیاننامەیەكدا، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئەنکەرە هۆشداری دەداتە خەڵكی ئەمریكا، كە لە شارەكانی سەر سنووری سووریا خۆیان بەدوور بگرن، لەسەرووی هەمووشیانەوە غازی عەنتاب.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە زانیاری ئەوە بەدەست باڵیۆزخانە گەیشتووە، كە باڵەخانەی هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و حكومەتی كاتی سووریا لە غازی عەنتاب دەكرێنە ئامانج، بۆیە داوا لە خەڵكی سڤیلی ئەمریكا دەکات، ئەوانەی لە توركیا دەژین، خۆیان لە ناوچەكانی باشووری رۆژهەڵات (باكووری كورستان) بەدوور بگرن.

لە بەیاننامەكەدا دەستەواژەی "گرووپە تووندڕەوەكان" بەكارهاتووە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بكرێ ئەو هێرشە لەلایەن كام گرووپ و لایەنەوە ئەنجام دەدرێت.

هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووری بەپێی هەڵوێستی نزیكەی 100 وڵات، نوێنەری خەڵكی سووریایە و لەلایەن هادی بەحرە-ـەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.

لە داواكارییە سەرەكییەكانی هاوپەیمانی نیشتیمانی سووری یەكێتی خاك و خەڵكی سووریا، رووخانی رژێم و دادگاییكردنی ئەو كەسانەی تاوانیان دژی خەڵكی سووریا ئەنجامداوە.

ئەو هێز و گرووپانەی چوار ساڵە لە دژی رژێمی بەشار ئەسەد شەڕ دەكەن، بە پشتیوانی وڵاتانی رۆژئاوا لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2013ـەوە ناوەندی سەرەكی خۆیان لە غازی عەنتاب لە باکووری کوردستان كردووەتەوە.











رووداو
Top