پنتاگۆن: ئەگەر پێویست بكات هێزی وشكانی بۆ عێراق دەنێرین

 پنتاگۆن: ئەگەر پێویست بكات هێزی وشكانی بۆ عێراق دەنێرین
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) رایگەیاند، ئەگەر پێویست بكات هێزی وشكانی بۆ عێراق دەنێرن و داواكارییەكی هاوشێوەش پێشكەش كراوە.

چەك هیگڵ، وەزیری بەرگری ئەمریكا راشیگەیاند: "ئەگەر هێزی هاوشێوە بۆ عێراق بنێرین ئەوە بە ئامانجی دەستنیشانكردنی ئەو ئامانجانەیە، كە پێویستدەكات فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان لە دژی چەكدارانی داعش لە عێراق بیانپێكن".

هیگڵ زۆرتر گوتی "داواكاری ناردنی هێزی وشكانی سوپای ئەمریكا بۆ عێراق پێشكەشی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا كراوە و ئێستا لەو داواكارییە دەكۆڵینەوە، ناردنی ئەو هێزانەش بەندە بە رەزامەندی جەنەراڵ مارتن دێمبسی، سوپاسالاری ئەمریكا، ئەو رەزامەندییەش هێشتا بەدەستنەهێنراوە".

وەزیری بەرگری ئەمریكا ئاماژەی بەوەشدا كە "هێشتا نازانین هێرشە ئاسمانییەكانی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا بۆ سەر گرووپی خوراسانی سەر بە رێكخراوی قاعیدە لە سووریا بووەتە هۆی كوژرانی سەركردەكانی ئەو گرووپە یان نا، بەڵام خوراسان هێشتا سەرچاوەی هەڕەشەیە بۆ ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوا".

ئەمە لەكاتێكدایە زۆرتر لە ٣ هەزار راوێژكاری سەربازی ئەمریكی لە هەرێمی كوردستان و عێراقن و ئەركی پێشكەشكردنی راوێژ و مەشقپێكردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقیان لە ئەستۆگرتووە.





رووداو-CNN
Top