سەرۆككۆماری توركیا: لە هەوڵی تیماركردنی برینی ئێزدییەكاندا دەبین

 سەرۆككۆماری توركیا: لە هەوڵی تیماركردنی برینی ئێزدییەكاندا دەبین
سەردانی شاندێكی ئێزدی بۆ لای سەرۆككۆماری توركیا، ئەمڕۆ لە نێو میدیای توركیادا رەنگی داوەتەوە و، بە گوێرەی زانیارییەكان سەرۆككۆماری توركیا، بە شاندەكەی گوتووە كە، ئەو رووداوە زۆر كاریگەری بەسەریانەوە هەبووە، بە بێ جیاوازی لە ئایین، زمان، رەنگ، نەتەوە، مەزهەب، لە هەوڵی تیماركردنی برینی ئێزدییەكانیشدا دەبن.

بە گوێرەی زانیاریی میدیاكانی توركیا، ئەمڕۆ سەرۆككۆماری توركیا (رەجەب تەییب ئەردۆغان)، لە كۆشكی كۆماری پێشوازی لە شاندێكی ئێزدییەكان كردووە. ئەم پێشوازییە لە میدیاكانی توركیادا وا ناو براوە كە، بۆ یەكەم جارە سەرۆككۆمارێك لە توركیا پێشوازی فەرمی لە ئێزدییەكان دەكات و پێی ڕاگەیاندوون، وڵاتەكەی هاوخەمی ئێزدییەكانە، كە لایەن رێكخراوێكی تیرۆریستی وەك داعش، كارەساتێكی گەورەیان بەسەردا هێنراوە.
لە كۆبوونەوەكەدا تیش كخراوەتە سەر هەوڵەكان بۆ تێپەڕبوونی ناوچەكە و ئەو قۆناخە مەترسیدار و هەستیارە كە، چەندین كەس بوونەتە قوربانی، لە جێگە و پێگەیان بێبەش بوون.
بە گوێرەی میدیاكانی توركیا، (ئەردۆغان) پشتیوانی و ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هاوكاریی ئێزدییەكان راگەیاندووە و گوتوویەتی، "ئەو رووداوە زۆر كاریگەریی لەسەر ئێمە كرد، بە بێ جیاوازی لە ئایین، زمان، رەنگ، نەتەوە، مەزهەب، هەوڵی تیماركردنی برینی ئەو رووداوە دەدەین. دەوڵەتی توركیا بەردەوام لە پشت گەلانی لێقەوماودایە، لەگەڵ خەڵكی زوڵملێكراودایە. لە سووریا و عێراق و لە هەر ناوچەیەكی جیهان بێ، ئەوانەی پێویستییان بە هاوكاریی كۆماری توركیایە ئێمە دەستیان بۆ درێژ دەكەین".

(ئەردۆغان) باسی لە سیاسەتی كردنەوەی دەرگەی سنووری وڵاتەكەی بە رووی پەنابەراندا كرد كە، بە گرینگییەوە پێشوازی لە ئەو خەڵكانە دەكەن و گوتی، "توركیا سیاسەتێكی پێڕەو كردووە كە، لە سۆنگەی هەستكردن بە مرۆڤایەتی و ویژدانەوەیە".
جێی ئاماژەیە لە میدیكانەوە ناوی ئەو شاندە نەهاتووە كە سەردانی توركیان كردووە.
لە ئێستادا هەولێكی نێودەوڵەتی هەیە بەمەبەستی بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدی كە، تیرۆریستانی داعش لە شنگال كارەساتێكی گەورەیان بەسەر ئێزدییەكاندا هێنا، هاوكات هەرێمی كوردستان وەك یەكەم كەناڵی دیپلۆماسی هەنگاوەكانی وەگەڕ خستووە تا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وڵاتان پشتگیریی بەجینۆسایدناساندنی كوردانی ئێزدی بكەن.
Top