ئۆغلۆ سەردانی هەولێر دەكات.. توركیا لە بڕینی بەشەبودجەی هەرێم نیگەرانە

 ئۆغلۆ سەردانی هەولێر دەكات.. توركیا لە بڕینی بەشەبودجەی هەرێم نیگەرانە
سەرۆكوەزیرانی توركیا (ئەحمەد داوود ئۆغلۆ)، ئەمڕۆ لە ئوستراڵیا خۆشحاڵیی توركیای بە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا راگەیاند و ئاشكرای كرد، وڵاتەكەی لە بڕینی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە نیگەران بووە، بۆیە رێگەی دا نەوتی هەرێم هەناردەی دەرەوە بكرێت، تا هەرێم، تووشی قەیرانی دارایی نەبێت.

رێكككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا كە لەلایەن سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) و وەزیری نەوتی عێراق (عادل عەبدولمەهدی) واژۆ كرا، كاردانەوەی توركیای بەدوای خۆیدا هێنا.
بە گوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی ئەنادۆل، سەرۆكوەزیرانی توركیا (ئەحمەد داوود ئۆغڵو) لە شاری بریزبنی ئوستڕالیا رایگەیاندووە، "هەواڵی رێككەوتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدام لە بارەی هەناردەكردنی نەوتەوە پێ گەییشت و ئەمە پێشهاتێكی باش و گرینگە بۆ ئێمە، هەمیشە هەوڵمان بۆ ئەوە داوە كە لەسەر ئەو پرسە رێك بكەون".

سەرۆكوەزیرانی توركیا ئاشكرای كردووە كە، "بە هۆی پێداویستیی زۆری توركیا بە وزە و هەڵوێستەكانی حكوومەتی ناوەندی بۆ پەراوێزخستنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و، بە هۆی بڕین و نەناردنی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە، توركیا لە بواری وزەدا ویستی سەرەڕای ئەوەی هەولێر و بەغدا لە یەكتر نزیك بكاتەوە، هاوكات پێداویستییەكانی خۆی لە وزە لە هەرێمی كوردستان دابین بكات، تا بەو جۆرە هاوكاری هەرێمی كوردستان بێت بۆ چارەكردنی قەیرانی دارایی كە بە هۆی نەناردنی بەشەبودجەكەیەوە بەرۆكی گرتبوو. بۆیە ئەو رێككەوتنەی بەغدا و هەولێر زۆر گرینگە، بێگومان دواتر ئاگاداری وردەكارییەكان دەبین".
سەرۆكوەزیرانی توركیا لە بەردەوامی قسەكانی دا دەڵێت، "دوای گەڕانەوەم بۆ توركیا سەردانی عێراق دەكەم و، دوای ئەنجامدانی چەند دیدارێك لە بەغدا لەوێیشەوە سەردانی هەولێر دەكەم. لە دیدارەكاندا باسی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و عێراق دەكەین".
جێی ئاماژەیە، (ئەحمەد داوود ئۆغلۆ)، لە میانەی بەشداریكردنی لە بەستنی لوتكەی (جی 20)، كە بە بەشداریی سەركردەكانی جیهان لە بریزبن-ی پایتەختی ویلایەتی كوینسلاندی ئوستڕاڵیا، ساز درا، ئەو لێدوانەی دا.
Top