داودئۆغڵو سەردانی بەغدا دەكات

 داودئۆغڵو سەردانی بەغدا دەكات
سەركردەیەكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، بڕیارە ئەحمەد داودئۆغڵۆ، سەرۆك وەزیرانی توركیا سەردانی بەغدا بكات.

هەیسەم جبووری، لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، کە "بڕیارە سەرۆك وەزیرانی توركیا رۆژی 20ـی ئەم مانگە سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پرسە هاوبەشەكانی نێوان عێراق و توركیا تاوتوێ بكات، چاوەڕوانیش دەكرێت ئۆغڵو داوا لە عەبادی بكات سەردانی ئەنقەرە بكات".

سەركردەكەی دەوڵەتی یاسا دەشڵێت، "ئامانجێكی دیكەی سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی توركیا كاراكردنی لیژنە وەزارییە هاوبەشەكانی نێوان عێراق و توركیایە بە ئاراستەی هەڵدانەوەی لاپەرەیەكی نوێ لە نێوان هەردوو وڵات".

ئەمە لەكاتێكدایە ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق هەفتەی رابردوو سەردانی توركیای كرد و داوەتنامەیەكی فەرمی لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە پێشكەشی سەرۆك وەزیرانی توركیا كرد بۆ سەردانیكردنی بەغدا.

شارەزایان هەوڵەكانی حكومەتی عێراق بۆ بەگوڕكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا بە كارتێكی دیكەی گوشارەكانی بەغدا بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەخوێننەوە، چونكە تاقە دەروازەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە رێگەی توركیاوەیە.







رووداو
Top