ئەڵمانیا.. ژمارەیەك لایەنگری داعش دەستگیركران
هەڵمەتی دەستگیركردنە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 12/11/2014 لە شارەكانی كۆڵن، زیگن، بەرگیش- گلادباخ، كرویزتال و نێتفن بەڕێوەچوو، كە 240 پۆلیسی تایبەت بەشدارییان تێداكرد.
ئەو 9 كەسەی كە دەستگیركراون تەمەنیان لەنێوان 22 تا 58 ساڵاندایە و بەوە تۆمەتبارن كە بەتایبەت لەهەردوو شاری كۆڵن، زیگن كەلوپەلیان لە دێری كریستیانەكان و قوتابخانەكان دزیوە و دوای ئەوەی كەلوپەلەكانیان فرۆشتووە، پارەكەیان بۆ داعش ناردووە.
زانیاری ئەوەش بڵاوكراوەتەوە بەشێك لە پارەی دزییەكە راستەوخۆ بۆ داعش نێردراوە، بەشێكیشی تەرخانكراوە بۆ ناردنی ئەو چەكدارانەی لە ئەڵمانیان و بەرەو سووریا بەرێدەكرێن.
جگە لەو 9 كەسەی دەستگیكراون، لێكۆڵینەوە لەگەڵ 20 كەسی دیكەش كراوە، ئەو كەسانەیش بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە پاسپۆرتی ساختەیان پەیدا كردووە و بە پارە و كەلوپەلی دیكە هاوكاری داعشیان كردووە.
دوو كەس بەناوەكانی میرزا تامور ب. و قەیس ب. ئۆ لەنێو دەستگیركراوەكاندا هەن، ئەو دوو كەسە بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە ئەندامی تۆڕێكی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكارین بۆ داعش لە راین -وێستفالیا.میرزا تامور دوو كەسی لە ئەڵمانیاوە گەیاندووەتە سووریا.
رووداو