شەڕ و تووندوتیژییەكانی عێراق و سووریا زیاتر لە 13 ملیۆن كەسی ئاوارە كردووە
بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقای رێكخراوەكە، لەسەر زاری ئەمین عەوەز ئاشكرایكردووە " كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپیر داواكاری ئاوارەكان نایەت". جەختیشی لەوە كردووەتەوە بەشی زۆری ئاوارەكان بێ نان و ئاون.
ئەمین عەوەز، بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقای رێكخراوەكە، لە جنێف بۆ رۆژنامەوانانی ئاشكراكرد " ئێستا كە باس لە ئاوارەبوونی ملیۆنێك كەس دەكەین لە ماوەی تەنیا دوو مانگدا، یان ئاوارەبوونی نیو ملیۆن كەس تەنیا لە شەوێكدا، هیچ كاردانەوەیەك لە وڵاتانی جیهانەوە نابینین".
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند: "ژمارەی ئاوارەكان گەیشتووەتە 13.6 ملیۆن ئاوارە و 7.2 ملیۆن ئاوارە تەنیا لەناوەوەی سووریا، وێرای ئەو ژمارەیەی، كە نەتەوە یەكگرتووەكان خەمڵاندوویەتی و بە 6.5 ئاوارەی داناوە، ئەمە جگە لە 3.3 ملیۆن پەنابەری سووریا لە دەرەوەی وڵاتەكە، هەروەها 1.9 ملیۆن ئاوارەی عێراق لە مساڵدا لەترسی شەڕ و تووندوتیژییەكانی داعش، جگە لە ملیۆنێك ئاوارەی دیكەی پێشووتر و رۆیشتنی 190 هەزار كەسی دیكەش بەرەو دەرەوەی وڵات".
ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە زۆربەی ئاوارە سوورییەكان روویان كردووتە لوبنان و ئوردن و توركیا و باشووری كوردستان. دانیشی بە خراپی بارودۆخی ئەواندا ناوە و گوتوویەتی " لە ئاست مەینەتییەكانی ئەو ئاوارانە شەرم دامان دەگرێت".
عەوەز پێیوایە كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران، پێویستی بە بەخشینی 58.5 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ دابینكردنی شوێنی ژیان بۆ 990 هەزار كەس بۆ وەرزی زستان، ئەوەش تەنیا بۆ دروستكردنی شوێنی حەوانەوە و جلوبەرگ.
رووداو