ئەنجامی گشتپرسییەكەی هەرێمی كاتالۆنیا

 ئەنجامی گشتپرسییەكەی هەرێمی كاتالۆنیا
بەگوێرەی ئەنجامی دەنگدانە سیمبولییەكەی هەرێمی كاتالۆنیا سەبارەت بە جیابوونەوەی لە ئیسپانیا، دەركەوتووە لەسەدا ٨٨ی ئەوانەی لە دەنگدانەكەدا بەشدارییان كردووە لەگەڵ سەربەخۆیی كاتالۆنیادان.

هەرێمی كاتالۆنیا كە بڕیار بوو ٩ی ئەم مانگە گشتپرسی تایبەت بە سەربەخۆیی تێدا بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی داداگای دەستووری ئیسپانیا گشتپرسییەكەی بە نایاسایی لەقەڵەم دا، بۆیە ئەو گشتپرسییە وەك پرۆسەیەكی یاسایی نەتوانرا ئەنجام بدرێت و لەجیاتی ئەوە تەنها راپرسییەكی نافەرمی، كە بە ریفراندۆمی سیمبولی ناوی دەركرد ئەنجامدرا، تێیدا بەرێژەیەكی بەرچاو زۆرینەی خەڵكی كاتالۆنیا لەگەڵ ئەوەدابوون كە لە ئیسپانیا جیاببنەوە.

بەگوێرەی دەرەنجامەكان لە كۆی دوو ملیۆن بەشداربوو لەو دەنگدانەدا، نزیكەی یەك ملیۆن و 600 هەزار كەس بە "بەڵێ" دەنگیان بۆ جیابوونەوەی كاتالۆنیا لە ئیسپانیا داوە. بەڵام ئەم ئەنجامە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر چارەنووسی ئەو هەرێمە نابێت و پارتە سیاسییەكانی ئەو هەرێمە رایانگەیاندووە، ئەوان بە گوشار خستنە سەر دادگای باڵای دەستووری ئیسپانیا لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی رێگەیان پێبدرێت گشتپرسییەكی یاسایی و دەستووری لە هەرێمەكەیاندا ئەنجامبدەن، بەڵام حكومەتی ئیسپانیا بە مەرجێك رازی دەبێت ئەو گشتپرسییە ئەنجام بدرێت كاتێك هەموو ئیسپانییەكان تێیدا بەشدار ببن و بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە سەربەخۆیی كاتالۆنیا بخەنەڕوو.

لە دەنگدانە سیمبولییەكەی كاتالۆنیا زیاتر لە پێنج ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی وەك دەنگدانێكی نایاسایی ناسرا و هیچ كاریگەرییەكیشی لەسەر داهاتووی هەرێمەكە نەبوو، بۆیە رێژەی بەشداریكردن زۆر كەم بوو و تەنها دوو ملیۆن كەس دەنگیانداوە.








رووداو
Top