لەندەن.. پیلانی کوشتنی شاژن پووچەڵدەکرێتەوە

 لەندەن.. پیلانی کوشتنی شاژن پووچەڵدەکرێتەوە
میدیاكانی بەریتانیا رایانگەیاند، كە پۆلیسی دژەتیرۆری ئەو وڵاتە پلانێكیان بۆ كوشتنی شاژن ئێلیزابێسی دووەم پووچەڵ كردووەتەوە.

رۆژنامەی زە سەن بڵاویكردووەتەوە، کە پۆلیسی دژەتیرۆری ئەو وڵاتە دوای پشكنینی ماڵێكی گومانلێكراو و چەند ئوتۆمبێلێك لە لەندەن، چواركەسیان دەستگیركردووە، كە گوماندەكرێت دەستیان هەبووبێت لە پلاندانان بۆ كوشتنی شاژنە ئێلیزابێسی 88 ساڵە و ئەنجامدانی چەند كردارێكی تیرۆریستی دیكە.

بەپێی راپۆرتەكان، پۆلیسی دژەتیرۆری بەریتانیا، كە بە مێترۆپۆل ناسراوە، سەرەتا سێ پیاوی گەنجی لە گەڕەكێكی خۆرئاوای لەندەن دەستگیركردووە و چوار گومانلێكراوی دیكەش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتەوە دەستگیركراون، بێ ئەوەی هیچ بەرگرییەك لە خۆیان بكەن.

لە راگەیەندراوی پۆلیسدا هاتووە، ئەو كەسانەی دەستگیركراون تەمەنیان لە نێوان 19 بۆ 27 ساڵە، كە بە هاوكاری دەزگای هەواڵگری بەریتانیا (MI5) دەستگیركراون، لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە.

پۆلیسی بەریتانیا هیچ زانیارییەكی لەو بارەیەوە نەخستووەتەڕوو، كە دەستگیركراوان سەر بە چ رێكخراوێكن، بەڵام ئاشكرایكردووە ئەو كەسانە ویستوویانە لە رێوڕەسمی رۆژی ئاشتیدا، كە بە بۆنەی 69مین ساڵیادی كۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەكەم بەڕێوەدەچێت، بە چەقۆ هێرش بكەنە سەر شاژن و بیكوژن.

رۆژنامەی دەیلی مەیل لە راپۆرتێكیدا ناوی یەكێك لەوانەی ئاشكراكردووە، كە بە (یوسف سەیید) ناوی هاتووە و نووسراوە خەڵكی پاكستانە و فەرمانبەری كۆمپانیایەكی فڕۆكەوانی بووە.








رووداو
Top