ئۆباما پیرۆزبایی لە پارتی کۆماری دەکات
باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ یەكەمین جار دوای بردنەوەی كۆمارییەكان لە هەڵبژاردنی كۆنگرێسی ئەمریكیدا كۆبووەوە و دوای پیرۆزباییكردن لە میچ ماككۆنێڵ و جۆن بۆنەر، هەردوو سەركردەی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، ئاماژەی بەوە كرد، كە ئەم هەڵبژاردنە ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی هەموو ئەمریكییەكان پێكەوە كاردەكەن و هائاهەنگی زیاتر لەگەڵ یەكدیدا دەكەن لە مامەڵەكردن لەگەڵ پرسە جیاوازەكاندا.
باراک ئۆباما گوتیشی، "من وەك سەرۆكی ئەمریكا لە هەموو كەس زیاتر بەرپرسیارێتی ئەوە دەخەمە ئەستۆی خۆم، كە هەوڵبدەم ئەم هاوئاهەنگییە سەركەوتوو بێت".
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئاماژەی بە پرسی رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی ئیبۆلا و جەنگی دژ بە داعش وەك دوو پرسی سەرەكی لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، کرد و رایگەیاند، "ئەمریكا بە یەكگرتوویی كار بۆ سەركەوتنی پلانەكانی دەكات لە هەردوو پرسەکەدا".
باراك ئۆباما ئاماژەی بەوەش دا، لەسەر بنەمای دیموكراتی بوون یان كۆماری بوون حوكم لەسەر ئایدیا و بۆچوونەكان نادات، بەڵكو "لەسەر بنەمای كارایی بیرۆكەكان و توانای كاركردنیان هەڵیاندەسەنگێنم، باوەڕیشم بەوە هەیە دەتوانن دەرەنجامی دروست بە دەستەوە بدەن، ئێمە هەمیشە هەڵدەدەین بە كارەكاندا بچینەوە و بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین، بە تایبەت لە هەندێك پرسی وەك ئیبۆلا و داعشدا، ئەمانە لەو كارە دیاریكراوانەن كە لە چەند هەفتەی داهاتوودا كاری لەسەر دەكەین" .
رووداو