خەلیلزاد: داعش هەنگاوەكانی دابەشبوونی عێراق خێراتر دەكات

 خەلیلزاد: داعش هەنگاوەكانی دابەشبوونی عێراق خێراتر دەكات
باڵوێزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق، پێی وایە چارەنووسی عێراق وەك وڵاتێكی سەربەخۆی خاوەن سەروەت، بەندە بە تواناكانی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی کرداریی و ئاماژەی بەوەدا، کە داعش هەنگاوەكانی دابەشبوونی عێراق خێراتر دەكات.

زەڵمای خەلیلزاد، باڵوێزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق لە لێدوانێكیدا، لە پەراوێزی كۆڕێكی ناوەندی ویلسۆن لە واشنتن رایگەیاند، "هێشتا گەشبینم بەو هەنگاوانەی حەیدەر عەبادی تاوەكو ئێستا هاوێشتوونی، بەڵام لە راستیدا عەبادی بەرپرس نییە لە متمانە نەبوونی خەڵكی نێوەڕاست و رۆژئاوای عێراق بە حكومەتی بەغدا".

خەلیلزاد هەروەها رایگەیاند، "مالیكی كاتی خۆی بەڵێنی زۆری دا، ئێمەش كە لە عێراقبووین ئەوكات بەڵێنی زۆرمان دا، بەر لەوەی سەرۆك ئۆباما بڕیاری كشانەوە لە عێراق دەربكات و رێگا بدات وڵات بكەوێتە بەر ململانێی تائیفی و تۆڵەسەندنەوە، خەڵك چاوەڕوانی بەدیهاتنی ئەو بەڵێنانەی دەكرد".

خەلیلزاد گوتیشی، "عێراقییەكان پلانی پارچە پارچەبوونی وڵاتەكەیان رەتدەكەنەوە، لەوەشیان ناحەق نین، بەڵام داعش هەنگاوەكانی دابەشبوونی عێراق خێراتر دەكات، چونكە كاتێك تۆ پێناسەی جیاكاری بەبەر هاونیشتمانییانی یەك وڵاتدا دەكەیت، ئەوا مانای وایە تۆ بەرەو دابەشبوون هەنگاو دەنێی، كە ئەمەش تەواوی ناوچەكە بەرەو جێبەجێبوونی ئەجێندای گرووپە تووندڕەوەكان دەبات بۆ دابەشبوون لەسەر بنەمای ئەتنی و ئایینی".










رووداو
Top