نیوزلەندا هێزی سەربازی دەنێرێتە عێراق

 نیوزلەندا هێزی سەربازی دەنێرێتە عێراق
وەزارەتی بەرگریی نیوزلەندا رایگەیاند، كە ١٠ سەربازی سوپای نیوزلەندا، بەبێ چەك دەنێرێتە عێراق بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی عێراق و لێكۆڵینەوە لە چۆنێتی هاوكاریكردن و مەشقپێكردنی سوپای عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش).

جۆن كی، سەرۆكوەزیرانی نیوزلەندا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەو هێزەی نیوزلەندا رەوانەی عێراقی كردووە بە هیچ شێوەیەك بەشداری لە شەڕ ناكات لەو وڵاتە، بگرە ئەو هێزە لە پشتەوەی سەنگەرەكانی جەنگ ئەركی مەشقپێكردن و پێشكەشكردنی راوێژ بە سوپای عێراق لە ئەستۆدەگرن".

سەرۆكوەزیرانی نیوزلەندا گوتیشی "ئەو هێزەی نیوزلەندا رەوانەی عێراقی دەكات هاوكات ئەركی ئاشكراكردنی هاووڵاتیانی نیوزلەندا لە نێو ریزەكانی داعش لەخۆدەگرێت، لەودەمەی ژمارەی هاووڵاتیانی نیوزلەندا لە نێو گروپە توندڕەوەكان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ٣٠ بۆ ٤٠ كەسە".

هاوكات رۆژنامەی پۆلیتیكسی نیوزلەندی لە زاری گیری براونلی، وەزیری بەرگری نیوزلەندای گواستەوە: "ئەو هێزە سەربازییەی كە نیوزلەندا رەوانەی عێراقی دەكات پسپۆڕ و بە ئەزموونە و ئەم هەفتە ٣ لەو سەربازانە بەرەو عێراق بەرێكەوتن".

ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی نوێترین راپۆرتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و دەزگا پەیوەندیدارەكانی ئەمریكا مانگانە نزیكەی هەزار كەسی هەڵگری ناسنامەی وڵاتانی رۆژئاوا دەچنە نێو ریزەكانی چەكدارانی داعش و گروپە چەكدارە تووندڕەوەكان.









ووداو
Top