ئەنسار بەیتولموقەدەس رەتیدەكەنەوە بەیعەتیان بە بەغدادی دابێت

 ئەنسار بەیتولموقەدەس رەتیدەكەنەوە بەیعەتیان بە بەغدادی دابێت
كۆمەڵەی (ئەنسار بەیتولموقەدەس)ی تووندڕەو كە لە باكووری پارێزگای سینای میسر چالاكییەكانیان ئەنجام دەدەن، رەتیدەكەنەوە كە بەیعەتیان دابێتە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش). جەختیش لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە ئەو بەیاننامەی بڵاوكراوەتەوە لەمبارەیەوە، پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە.

لە تویتێكدا كۆمەڵەی (ئەنسار بەیتولموقەدەس) بە ناونیشانی "ئاگاداری"، كە لە لاپەڕەی فەرمی خۆیاندا بڵاویانكردووەتەوە، تێیدا هاتووە "ئەو بەیاننامەیەی لە راگەیاندنەكانەوە دەستاودەستی پێدەكرێت لەبارەی بەیعەتدانمان بە كۆمەڵەكەی ئەبوبەكری بەغدادی پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو لایەك بەدواداچوونێكی ورد بكات و لە سەر چاوە فەرمییەكانی ئێمەوە هەواڵەكە بگوازنەوە".

ئاژانسی رۆیتەرز بەیاننامەیەكی بڵاوكردبووەوە، كە ئاماژەی بە بەشێك لە دەقی بەیاننامەكەی كۆمەڵەی (ئەنسار بەیتولوقەدەس) كردبوو كە تێیدا هاتبوو " ئێمە، بە پشبەستن بە خودای گەورە، بڕیارماندا بەیعەت بە ئەبو بەكر ئەلقورەیشی ئەلحوسەینی بەغدادی، خەلیفەی گشت موسڵمانان لە عێراق و شام و وڵاتانی دیكەی ئیسلامی بدەین".

ئەنسار بەیتولموقەدەس، گەورەترین كۆمەڵەی ئیسلامی تووندڕەوە لە میسر، ماوەی چەند ساڵێكە بانگەشە لە دژی حكومەتی میسر دەكات و بە سەدان لە هێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتەی لە نیمچە دوورگەی سیناو دەوروبەری كوشتووە.










رووداو
Top