مووسەویان: کۆمکاری عەرەبی شکستی بردووە و وڵاتانیشی خەریکە شکست دەبەن

 مووسەویان: کۆمکاری عەرەبی شکستی بردووە و وڵاتانیشی خەریکە شکست دەبەن
گوتەبێژی پێشووی تیمی دانوستانکاری دۆسێی ناووکیی ئێران(حوسێن مووسەویان) دەڵێ، کۆمکاری عەرەبی لە ئێستادا شکستی بردووە، هەندێکی هاوپەیمانانی ئەمەریکایش شکستیان بردووە، هەروەها هەندێک وڵاتی عەرەبییش لە ئاستانەی شکستبردن دان.

لە میانەی کۆنگرەی ساڵانەی بڕیاربەدەستانی سیاسی لە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوایی، کە لە واشنتن ساز دراوە، (حوسێن مووسەویان) دەڵێ، "دەبێ ئەمەریکا و وڵاتانی عەرەب، سیاسەتی دژکارانەیان بەرانبەر بە ئێران ڕابگرن و لاپەڕەیەکی نوێی هاوکاری و هەماهەنگی بکەنەوە."

تۆڕی سی ئێن ئێن لە ئاژانسەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گوێزتوویەتییەوە، ئەو بەرپرسەی پێشووی تیمی دانوستانکاران، ئاماژەیشی داوە، لە 35 ساڵی ڕابردوودا زۆرینەی ئەمەریکا و وڵاتانی عەرەب، سیاسەتی دووفاقییان بەرانبەر بە ئێران پێڕۆ کردووە. ئەو دەڵێ، سەرباری دوژمنکارییان لە سێ دەیەی ڕابردوودا، ئێران، سەقامگیرترین و بەهێزترین وڵاتی ناوچەکەیە، هاوکات ئیدارەی وڵاتە یەکگرتووەکان دەداتە بەر ڕەخنە و دەڵێ، ئەمەریکا نایەوێ قەیرانەکان چارە بکات.
بە گوتەی (مووسەویان)، ناوچەکە بەرەوڕووی هەڕەشەی گەورە بووەتەوە، کە ڕەوتی تیرۆر و تەکفیرییە بە ڕابەرایەتیی داعش. زیاتر دەڵێ، ئەم جۆرە دۆخانەیش لە ئەمەریکا و وڵاتانی عەرەب دەخوازێ، هەماهەنگی لەگەڵ ئێراندا بکەن، جەختیشی کردەوە کە، وڵاتەکەی ئامادەی ئەو جۆرە لە هاوکاریانەیە.
Top