سوپای عێراق: زۆرمان نەماوە بێجی رزگار بكەین

 سوپای عێراق: زۆرمان نەماوە بێجی رزگار بكەین
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەدین رایگەیاند، ئێستا شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزەكانی سوپای عێراق و چەكدارانی داعش لە ناوەندی شارۆچكەی بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین بەرپایە.

فەریق روكن عەبدولوەهاب ساعدی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەدین لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سوپای عێراق لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە چووەتە نێو شارۆچكەی بێجی و ئێستا شەڕوپێكدادان لە نێوان سوپا و چەكدارانی داعش لە ناوەندی بێجی بەرپایە و دەرئەنجامیش زۆرتر لە 71 چەكداری داعش كوژراون".

فەریق روكن عەبدولوەهاب ساعدی گوتیشی، "سوپا لە چەند كاژێری داهاتوو شارۆچكەی بێجی (170 كم لە باكووری بەغدا) بە تەواوی لە دەستی داعش رزگار دەكات".

ئەم پێشهاتانە لەكاتێكدایە، وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاندووە، ماوەی دوو هەفتەیە سوپا لە چەند گەڕەكێكی شاری تكریتی ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدین جێگیر بووە و دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شا‌رەكەش لە دەستی چەكدارانی داعش، نزیكبووەتەوە.

هاوكات چەكدارانی داعش تا ئێستا ناوچەیەكی زۆری پارێزگاكانی نەینەوا، كەركووك، سەڵاحەدین و ئەنباریان كۆنترۆڵ كردووە، سەرەڕای ئەوەی لە بەرەكانی مووسڵ لەگەڵ پێشمەرگە و ناوچەی جورفولسەخر لە نێوان بەغدا و ئەنبار، لە پاشەكشەدان.









رووداو
Top