مێرکڵ: مالیکی هۆکاری سەرهەڵدانی داعشە لە عێراق

 مێرکڵ: مالیکی هۆکاری سەرهەڵدانی داعشە لە عێراق
راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، کە هۆکاری دروستبوون و دەستبەسەرداگرتنی داعش بۆ شارەکانی عێراق، مامەڵەی خراپی مالیکی بوو.

ئەنجێلا مێركڵ، راوێژكاری ئەڵمانیا رایدەگەیەنێت، كە وڵاتەكەی ئامادەیە راهێنان بە سەربازە سووننەكانی عێراق بكات بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەكدارانی داعش، شانبەشانی ئەو هاوكارییە سەربازییەی پێشكەشی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانی دەكات، بەڵام بەشداری لە هێرشە ئاسمانییەكان ناكات، كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا دژی داعش پێكیهێناوە.

لە كاتی ئامادەبوونی لە بۆنەیەكدا لە شاری تێمبلین لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا، راوێژكاری ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەگەر داوامان لێبكەن جگە لە پێشمەرگە، ئامادەین راهێنان بەسەربازە سووننەكانیش بكەین، هەرچی پشتوانیش هەیە دەیكەین بۆ بوونیادنانی دەوڵەتی عێراقی.

لە لایەكی دیكەوە ئەنجێلا مێركڵ گوتی، لە چوارچێوەی هەوڵی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ دامەزراندنی وەزیری بەرگری كە سووننەیە، پێویستە كورد و شیعەش بەشداربن لەو وەزارەتە بۆ باشتركردنی یەكڕیزی نیشتمانی و هێوركردنەوەی هێرشەكانی داعش بۆ سەر ناوچە سووننەنشینەكان لە نێوەڕاست و رۆژئاوای عێراق و دەشڵێت، هۆكاری بەرزبوونەوەی ژمارەی چەكدارانی داعش لەو ناوچانە مامەڵەی خراپی حكومەتی مالیكی بوو لە بەغدا.









رووداو
Top