داودئۆغڵو: هێرشەكانی پەكەكە هەڵوێستمان لەسەر پرۆسەی ئاشتی دەگۆڕێ

 داودئۆغڵو: هێرشەكانی پەكەكە هەڵوێستمان لەسەر پرۆسەی ئاشتی دەگۆڕێ
سەرۆكوەزیرانی توركیا بەهۆی رووداوی كوژرانی سێ سەربازی توركیا لە گەڤەرێ-ی سەر بە جۆلەمێرگ رایدەگەیەنێت: "چاو بە هەموو شتێكی پڕۆسەی ئاشتیدا دەخشێنینەوە و رەنگە سەردانەكان بۆ لای ئۆجەلانیش شەنوكەو بكەین".

ئەحمەد داودئۆغڵو، لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا گوتی: "ئەگەر حكومەت تاوەكو ئێستا هیچ هەنگاوێكی بەرەو دواوە لە پڕۆسەی ئاشتی نەناوە، بەڵام هێرشی پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ سەر سێ سەربازە توركەكە هەڵوێستی حكومەت دەگۆڕێ".

داودئۆغڵو دەڵێ: "بە لۆجیكی گەریلا - سەرباز پڕۆسەی ئاشتی بەڕێوە ناچێت، ئێمە سێ سەربازمان شەهید بوون، ئەوانیش دەڵێن سێ گەریلامان، ئەگەر ئەوان بڵێن كام رێگامان بوێ دەیگرین، هێرش دەكەینە سەر پڕۆژەكان، باج وەردەگرین و كێمان بوێ دادگایی دەكەین، لەگەڵ ئەمانە پڕۆسەی ئاشتی بەڕێوەناچێت".

هاوكات رەخنەی لە پارتی دیموكراتی گەلان گرت و گوتی: " HDP و PKK وەڵامدەری ئێمە نین، وەڵامدەری ئێمە خەڵكە، خەڵكیش لە حكومەتەكەمان رازییە، ئەگەر HDP بایكۆتی پەرلەمان بكات و دەسەڵاتێك بۆخۆی دروستبكات بەرامبەر ئەمە بێدەنگ نابین".

رۆژی شەممە 25/10/2014 لە ناوچەی گەڤەرێ-ی سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ لە باكووری كوردستان سێ سەربازی تورك كوژران. ئاژانسە هەواڵییەكانی توركیا بڵاویانكردەوە، لەسەر شەقامی جەنگیز تۆپێل لە گەڤەرێ- ی سەربە پارێزگای جۆلەمێرگ سێ سەربازی توركیا كە بە جلوبەرگی مەدەنییەوە بوون كوژراون.








رووداو
Top