عەبادی سەردانی ئوردن و توركیا دەكات
عەلی عەللاق بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، سەبارەت بە سەردانی سەرۆك وەزیرانی توركیا بۆ عێراق، بۆ رووداو گوتی :" بەو نزیكانە سەرۆكوەزیرانی توركیا سەردانی بەغدا دەكات و دواتریش سەرۆكوەزیرانی عێراق سەردانی ئەنقەرە دەكات، بەڵام كاتەكە دیاری نەكراوە".
حەیدەر عەبادی رایگەیاندووە لە پێناو بەتینكردنی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی هاوسێ، سەردانی وڵاتانی كەنداو دەكات. ئەو دەڵێ " بەبێ هاوكاریكردنی هاوبەشی نێوان عێراق و وڵاتانی هاوسێ هیچ پێشكەوتنێك لە عێراق و ناوچەكە بەدی نایەت".
عەلی عەلاق گوتیشی: "هەروەها لەپێناو بەهێزكردنی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات بەتایبەتی لە رووی ئەمنی و ئابووری و چەندین لایەنی دیكە سەرۆكوەزیرانی عێراق بەمنزیكانە سەردانی ئوردون بكات".
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ سەردانەكەی عەبادی بۆ ئوردن بڕیارە رۆژی یەكشەممە ئەنجامیبدات و تەنها چەند كاژێرێك دەخایەنێت و لە میانیدا چاوی بە شا عەبدولڵای شای ئوردون و گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەكەوێت و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكەو پەیوەندیە دوو قۆڵییەكانی نێوانیان و بەرەنگاربوونەوەی گرووپە چەكدارەكان تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكانی عەبادی دەبێت لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئوردن.
رووداو