عەبادی سەردانی ئوردن ‌و توركیا دەكات

 عەبادی سەردانی ئوردن ‌و توركیا دەكات
نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند بەوزو‌وانە عەبادی سەردانی ئوردن و توركیا دەكات. سەردانەكەی توركیا دەكەوێتە دوای سەردانی سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە بۆ عێراق.

عەلی عەللاق بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، سەبارەت بە سەردانی سەرۆك وەزیرانی توركیا بۆ عێراق، بۆ رووداو گوتی :" بە‌و نزیكانە سەرۆكوەزیرانی توركیا سەردانی بەغدا دەكات و دواتریش سەرۆكوەزیرانی عێراق سەردانی ئەنقەرە دەكات، بەڵام كاتەكە دیاری نەكراوە".

حەیدەر عەبادی رایگەیاندووە لە پێناو بەتینكردنی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی هاوسێ، سەردانی وڵاتانی كەنداو دەكات. ئەو دەڵێ " بەبێ هاوكاریكردنی هاوبەشی نێوان عێراق و وڵاتانی هاوسێ هیچ پێشكەوتنێك لە عێراق و ناوچەكە بەدی نایەت".

عەلی عەلاق گوتیشی: "هەروەها لەپێناو بەهێزكردنی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات بەتایبەتی لە رووی ئەمنی و ئابووری و چەندین لایەنی دیكە سەرۆكوەزیرانی عێراق بەمنزیكانە سەردانی ئوردون بكات".

بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ سەردانەكەی عەبادی بۆ ئوردن بڕیارە رۆژی یەكشەممە ئەنجامیبدات ‌و تەنها چەند كاژێرێك دەخایەنێت و لە میانیدا چاوی بە شا عەبدولڵای شای ئوردون و گەورە بەرپرسانی ئە‌و وڵاتە دەكەوێت و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكەو پەیوەندیە دوو قۆڵییەكانی نێوانیان و بەرەنگاربوونەوەی گرووپە چەكدارەكان تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكانی عەبادی دەبێت لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئوردن.







رووداو
Top