بەریتانیا داوادەكات هاووڵاتییەكانی سەردانی ئێران نەكەن

 بەریتانیا داوادەكات هاووڵاتییەكانی سەردانی ئێران نەكەن
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هۆشداریدایە خەڵكی بەریتانیا كە سەفەر بۆ ئێران نەكەن، "لەبەرئەوەی گەشتیارانی بەریتانی لە وڵاتی ئێران لە مەترسیدان".

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە بەیاننامەیەكدا، كە رۆژی هەینی بڵاویكردەوە گەشتی خەڵكی بەریتانیای بۆ ئێران سنووردار كرد و داوای لێكردن، ئەگەر سەفەریان بۆ ئێران كرد، نزیك نەبنەوە لە 100 كیلۆمەتری سنووری ئێران و ئەفغانستان، 10 كیلۆمەتری سنووری ئێران و عێراق، سنووری پارێزگای سیستان و بەلوچستان و ناوچەكانی دەوروبەری پارێزگای كرمان و جاسك لە پارێزگای هۆرموزگان".

هەر لە بەیاننامەكەدا وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هۆشداریدایە هاووڵاتیانی، كە " هەموو ئێران مەترسی هەیە بۆ گەشتیارانی بیانی بەتایبەت بەریتانییەكان كە زیاتر لە گەشتیاری هەر وڵاتێكی دیكە لە مەترسیدان" و داوایكرد "ئەگەر زۆر پێویست نەكات گەشت بۆ ئێران مەكەن".

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هەروەها داوای لەو هاووڵاتیانەی كرد كە پاسپۆرتی ئێرانی بەریتانیایان هەیە "سەفەر بۆ ئێران نەكەن بە هۆی ئەوەی ئەگەری هەیە بە بیانووی چالاكی سیاسی و چالاكی بۆ مافی مرۆڤ، دەستگیر بكرێن".

لە سەرەتای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان ئێران و بەریتانیا هەمیشە ئاڵۆز بووە و لە دوای ئەوەی پەرلەمانی ئێران بە هۆی ئەوەی بەریتانیا بانكی ناوەندی ئێرانی خستە لیستی گەمارۆكانی سەر ئێران، داوای لە حكومەتی ئێران كرد ئاستی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ بەریتانیا كەم بكاتەوە و لە ئاستی باڵیۆز بیكاتە كاردار، رۆژی 29-11-2011 ژمارەیەك بەسیجی لە تاران هێرشیان كردە سەر باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە تاران و بەو هۆیەوە پەیوەندییە سیاسییەكانی ئەو دوو وڵاتە پچڕاوە و ئێستا باڵیۆزخانەی سوێد لە تاران پارێزەری بەرژەوەندییەكانی بەریتانیا و باڵیۆزخانەی عەممان لە لەندەن پارێزەری بەرژەوەندییەكانی ئێرانە لە بەریتانیا.







رووداو
Top