سەرۆک وەزیرانی تورکیا: پێدانی چەك بە پەیەدە هەڵەبوو

 سەرۆک وەزیرانی تورکیا: پێدانی چەك بە پەیەدە هەڵەبوو
سەرۆک وەزیرانی توركیا رایدەگەیەنێت: "وێڕای ئەوەی داوامان لە ئەمریكا كرد چەك بە سوپای ئازادی سووریا بدات، بەڵام ئەمریكا PYD ی هەڵبژارد، كە ئەمە سیاسەتێكی هەڵەیە".

ئەحمەد داودئۆغڵو، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتاری وڵاتەكەی گوتی: "بێگومان لە پرسی كۆبانێ هاوكاری PKK و PYD ناكەین، هاوكاری ئێمە تەنیا بۆ رەوشی مرۆییە لە كۆبانێ".

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، هەمان بۆچوونی داودئۆغلوی هەبوو و لەو بارەیەوە و پێیوایە: "پێدانی چەك بە پارتی یەکیتی دیموکراتی PYD بەمانای پێدانی چەكە بە پارتی کرێکارانی کوردستان PKKـەیە".

ئەردۆغان جەختی لەوە كردەوە: "كاتێك ئێوە هاوكاری PYD دەكەن ئێمەش بەرەنگارییەكانمان بۆ رەوشەكە درێژە پێدەدەین، چونكە بە بۆچوونی ئێمە پێویست بوو هاوكاری سوپای ئازادی سووریا و ئۆپۆزیسیۆنی میانڕەوی سووریا بكرێت كە لە دژی رژێمی سووریا و هاوكات لە دژی داعش شەڕ دەكەن".

سەرۆككۆماری توركیا لەبارەی چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ بەنێو خاكی توركیادا رایگەیاند،"ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ پێشنیازی من بووە لە كاتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەم لەگەڵ باراك ئۆبامای سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا".






رووداو
Top