گاردیان: هەر هەفتەیەک پێنج بەریتانیایی دەچنە نێو داعشەوە
وەک ئەوەی ڕۆژنامەی بەناووبانگی بەریتانیا(گاردیان)، لە زاری بەرپرسی پۆلیسەوە بڵاوی کردووەتەوە، لە هەر هەفتەیەکدا لانی کەم پێنج بەریتانیایی بۆ چوونە نێو ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعشەوە، دەچنە عێراق یان سووریا.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە "ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا، زۆر خێرا پێش دەکەوێ." زیاتر گوتی، "دەزانین کە 500 بەریتانیایی بۆ بەشداریکردن لە جەنگ، سەفەریان کردووە. زۆربەیان چوونەتە نێو ڕێکخراوەکە و زۆرێکی دیکەیشیان ئارەزووی چوونە نێویان بۆ مانگێکی دی و ڕەنگە چەند ساڵی دی هەبێ."
گوتیشی، "هەر هەفتەیەک و بەردەوام پێنج کەس پێوەندییان پێوە دەکەن. پێنج کەس لە هەفتەیەکدا ڕەنگە ژمارەیەکی کەمیش بێ. بەڵام کاتێک بیرمان بۆ ئەوە دەبەین کە ساڵ 50 هەفتەیە، بە واتای 250چەکداری نوێ، ئەمە 50% لەو ڕێژەیە زیاترە کە پێمان وایە ئەوان هەر لەوێن."
(برنار هۆگان هۆی)، ڕایگەیاند، "ئەو ژمارەیە لانی کەمیەتی. ڕەنگە زۆری دی هەبن سەفەری وڵاتی دیکەیان کردبێ بەر لەوەی بچنە عێراق و سووریا، ئەمە بە شێوەیەکە کە بە هۆی لاوازیی وڵاتی لاوازەوە کە سنووریان کراوەیە، هەمیشە ناتوانرێت بە دروستی ئەوانەی سنور دەبەزێنن، دەستنیشانیان بکەین."
ئاماژەیشی دا، "گەڕانەوەی ئەو کەسانەی کە شارەزای سەربازییان هەیە، مەترسییە بۆ سەر کۆمەڵگەکەمان."