توركیا: ئێران پشتیوانی تیرۆر بووەو باشترە بێدەنگ بێت
عەبدوڵاهیان رۆژی شەممە 18-10-2014 رایگەیاند : "چەندینجار ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و توركیای دۆستمان ئاگاداركردووەتەوە لەوەی كە ئێران لە قەیرانی سووریادا لەگەڵ ئەوان ناكۆكە و لە كۆتاییدا خەڵكی سووریا خۆیان دەبێ بڕیار لە بارەی مانەوە یاخود گۆڕینی رژێمی ئەسەد بدەن، نەك لایەنێكی دیكە".
دوابەدوای ئەوە تانگۆ بیلگیج، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاند، كە ئەنقەرە بە هۆی رەخنەكانی ئێران لە سیاسەتی توركیا بۆ پشتگیریكردن لە شۆڕشی خەڵكی سووریا ، باڵیۆزی خۆی كشاندووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ لە زاری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیاوە بڵاویكردووەتەوە: " توركیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەكانی سەر وڵاتەكەی لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكاندا، پێویستی بەوە نییە روخسەت لە كەس وەربگرێت".
هەروەها گوتوویەتی: "توركیا لێدوانەكانی بەرپرسانی ئێرانی لە بارەی رووداوەكانی كۆبانێ و تراژیدیای مرۆیی ناوچەكە ئیدانە دەكات و داوا لە ئێران دەكات لە ئاست ئەو بابەتە بە شەرمەزارییەوە بێدەنگ بێت، چونكە پشتیوانی تیرۆریزم بووە و پشتگیری حكومەتی سووریای كردووە بەجۆرێك كە بووەتە هۆكار بۆ سەرهەڵدانی كێشەی تیرۆریزم لە ناوچەكەدا".
نەیارانی حكومەتی سووریا بەردەوام ئێرانیان بەوە تۆمەتبار كردووە، كە دەستی هەبووە لە كوشتنی زیاتر لە 200 هەزار هاووڵاتی سووریی، ئەویش لە رێگای ناردنی هێز و هاوكاری سەربازیی بۆ حكومەتی بەشار ئەسەد، بەڵام ئێران جەخت لەوە دەكاتەوە، كە هێزەكانی بەشداری شەڕی سووریایان نەكردووە و تەنیا رۆڵی راوێژكارییان بینیوە.
رووداو