بەهۆی هەڵوێستی بەرامبەر کۆبانێ، تورکیا بۆ ئەندامێتیی کاتیی ئەنجومەنی ئاسایش رەت کراوه

بەهۆی هەڵوێستی بەرامبەر کۆبانێ، تورکیا بۆ ئەندامێتیی کاتیی ئەنجومەنی ئاسایش رەت کراوه
ڤەنزوێلا، مالیزیا، ئانگۆلا، نیوزیلەند و ئیسپانیا بۆ ماوەی دوو ساڵ وەک ئەندامی کاتی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوه یەکگرتووەکان هەڵبژێردران و تورکیاش که یەکێک له پاڵێوراوەکان بوون، دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا.



وڵاته هەڵبژێردراوەکان له سەرەتای ساڵی داهاتوو له دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایش بەشدار دەبن.



بەپێی هەواڵێکی "یورۆنیوز"، تورکیاش خۆی بۆ ئەندامێتیی کاتیی ئەو ئەنجومەنه کاندید کردبوو بەڵام به پێچەوانەی پێشبینییەکان نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەست بێنێت. پێدەچێت هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر مەسەلەی کۆبانێ وای کردبێت که وڵاتانی موسڵمان دەنگ به تورکیا نەدەن.



دیپلۆماتکارێکی ئەنجومەنی ئاسایش، سەرەڕای چاوەڕوان‌نەکراو بوونی رەت کردنەوەی تورکیا، رایگەیاند که هەڵوێستی تورکیایه بەرامبەر "گۆڕانکارییەکانی سوریا و عێراق"، رۆڵێکی گرینگی لە هەڵنەبژاردنی هەبووه.



دیپلۆماتکارێکی دیکەش، وێڕای ئاماژه کردن به ئەندامێتیی کاتیی تورکیا له ساڵانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٠، ئاشکرای کرد: "ئەو کات باوەڕی گشتی لەسەر ئەوه بوو که تورکیا وڵاتێکی موسڵمانی نموونه و میانەڕەوه، بەڵام ئێستا سەرۆکەکەی رۆژ به رۆژ دەسەڵاتخوازتر دەبێت."
Top