نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان كۆ بووه‌وه‌

نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان كۆ بووه‌وه‌
پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 28ى ئه‌یلوولى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان كه‌ به‌ داوه‌تێكى فه‌رمیى به‌ڕێزان سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا و سه‌رۆكى كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان بۆ به‌شداریكردن له‌ كار و چالاكییه‌كانى كۆڕبه‌نده‌كه‌، به‌ یاوه‌ریى شاندێكى حكوومى، سه‌ردانى توركیاى كرد، دواى به‌شداریكردنى له‌ ڕێوڕه‌سمى كرده‌نه‌وه‌ى كۆڕبه‌نده‌كه‌دا، له‌ ئیستانبول له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆمارى توركیا كۆ بووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ تیروته‌سه‌لى باس له‌ ڕووداوه‌كان و دوا پێشهاته‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ كرا و، به‌ تایبه‌تى تیشك خرایه‌ سه‌ر ڕووداوه‌كانى دواى هێرشى تیرۆرستانى داعش بۆ سه‌ر پارێزگاكانى مووسڵ و تكریت و دواتر هه‌رێمى كوردستان. هه‌روه‌ها شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ تیرۆرستان و كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى زۆرێك له‌و شوێنانه‌ى پێشتر كه‌وتبوونه‌ ده‌ستى تیرۆرستان و، پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عیراق و پێكهێنانى كابینه‌ى به‌ڕێز د. عه‌بادى و پێشبینیى ڕووداو و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌ گشتى، تاوتوێ كران.

سه‌رۆك ئه‌ردۆغان جه‌ختى له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشبردن و پته‌وكردنى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانى توركیا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند توركیا به‌و په‌یوه‌ندى و ڕێككه‌وتنانه‌وه‌ پابه‌نده‌ كه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌تى، له‌ هه‌مان كاتدا هه‌وڵى جددى ده‌دات هاوكار و پشتگیرى هه‌رێمى كوردستان بێت له‌و نه‌هامه‌تیانه‌ى ئه‌م دواییه‌ ڕووبه‌ڕووى بوونه‌ته‌وه‌، به‌ تایبه‌تى له‌ ڕووى مرۆییه‌وه‌ كه‌ تا ئێستا هاوكارییه‌كى باشیان پێشكه‌ش كردووه‌ و له‌و هاوكاریانه‌ به‌رده‌وام ده‌بن. ده‌رباره‌ى تیرۆریش، سه‌رۆك ئه‌ردۆغان ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر هه‌ماهه‌نگیى ته‌واویان له‌گه‌ڵ هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كان هه‌یه‌ و ئه‌م هه‌ماهه‌نگییه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستانیش ده‌بێت، له‌پێناو نه‌هێشتنى هه‌ر مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سوپاسى ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى به‌ڕێز سه‌ركۆمار و هاوكارییه‌كانى توركیاى كرد و ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان چاوه‌ڕوانى پشتگیرى و هاوكاریى زیاترى توركیا ده‌كات. هه‌روه‌ها خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورى و سیاسییه‌كانى هه‌ردوولا نیشان دا، هه‌ڵوێستى هه‌رێمى كوردستانیشى ده‌رباره‌ى به‌شداریكردن له‌ حكوومه‌تى نوێى عیراقدا ڕوون كرده‌وه،‌ كه‌ به‌شدارى ده‌كات و ده‌یه‌وێ شانسێك بداته‌ حكوومه‌تى تازه‌ى عیراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا، هیوایشى خواست په‌یوه‌ندییه‌كانى توركیا له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان باشتر ببن.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆش دواى ته‌واوبوونى كار و چالاكییه‌كانى ڕۆژى یه‌كه‌مى كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌ركرده‌ى وڵاتانى جیهان كه‌ به‌شدارییان له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا كردووه‌، له‌سه‌ر بانگهێشتى به‌ڕێز سه‌ركۆمارى توركیا، به‌شدارى له‌ ئێواره‌خوانێكى تایبه‌تدا كرد.

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆش به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و شاندى یاوه‌رى له‌گه‌ڵ دامه‌زرێنه‌ر و سه‌رۆكى كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان به‌ڕێز پرۆفیسۆر "كلاوس شواب" كۆ بووه‌وه‌ و له‌ دیدارێكدا ڕه‌وشى عیراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌، خرانه‌ به‌ر باس. به‌ڕێز "شواب" پێشكه‌وتنه‌كانى كوردستان و داڵده‌دانى زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن په‌نابه‌ر و ئاواره‌ى به‌رز نرخاند، كه‌ جێگه‌ى سوپاس و پێزانینى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند جیهان به‌ گشتى و وڵاتانى كۆمه‌كبه‌خش به‌ تایبه‌تى ده‌بێ ئاوڕى زیاتر له‌ هه‌رێمى كوردستان بده‌نه‌وه‌، هیوایشى خواست له‌ ئاینده‌‌دا بتوانن سه‌ردانى كوردستان بكه‌ن. به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش بانگهێشتى كردن بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ردانى كوردستان و هیواى خواست ده‌رفه‌ت بێته‌ ئاراوه‌ كه‌ هاوشێوه‌ى كۆڕبه‌ندى ئابوورى جیهان له‌ كوردستانیش ساز بكه‌ن.

شاندى یاوه‌رى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌ به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، ئاشتى هه‌ورامى وه‌زیرى سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان، ڕێباز حه‌ملان وه‌زیرى دارایى و ئابوورى، عه‌لى سندى وه‌زیرى پلاندانان، فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ و سه‌فین دزه‌یى وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێكهاتبوون، له‌ چه‌ندین پانێلى جیاجیاى كۆڕبه‌نده‌كه‌ و ده‌رباره‌ى چه‌ندین بابه‌تى جۆراوجۆر، به‌شدارییه‌كى كارایان كرد و سبه‌ى له‌ ڕۆژى دووه‌مى كۆڕبه‌نده‌كه‌شدا به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌شدارى له‌ پانێله‌كاندا ده‌كه‌ن.
Top