توركیا ناوی PKK لە پرۆژەیاسای "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" دەردەكات
حكومەتی توركیا لە چوارچێوەی ئەو ئەركەدا كە دەیخاتە سەرشانی لەناو هاوپەیمانی بەرەنگاربوونەوەی گرووپی داعش، رۆژی 2-10-2014 داوا لە پەرلەمانی وڵاتەكەی دەكات پرۆژەیاسای "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە دەرەوەی سنوورەكانی توركیا" بخاتە بەردەم پەرلەمان.
ئەم یاسایە دەسەڵات دەدات بە سوپای ئەو وڵاتە لە ناو خاكی عێراق و سووریا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام بدات.
پێشتریش پەرلەمانی توركیا ئەم دەسەڵاتەی دابوو بە سوپا، بەڵام لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا ماوەیان بەسەر دەچێت. پەرلەمانی توركیاش 2-10-2014 بۆ نوێكردنەوەیان بۆ ماوەی ساڵێكی دیكە كۆدەبێتەوە.
سەرچاوەیەكیش لە حكومەتی توركیا تایبەت بە رووداو ئاشكرایكرد، ناوی PKK لەو پرۆژەیاسایەدا ناهێڵن و لە بری ئەوە دەستەواژەی "گرووپە تیرۆریستییەكان" بەكاردەهێنن.
بەم شێوەیە رێگە لەبەردەم سوپای توركیادا دەكرێتەوە كە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی گرووپی داعشیش سازبكات.
پێشتر پەرلەمانی توركیا ئەم یاسایەی بۆ ئەنجامدانی كردەی سەربازی دژی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان تێپەڕاندبوو.
رووداو