كەتەلۆنیا رۆژێک بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی دیاریدەكات
ئەمڕۆ ئارتۆرۆ ماس، سەرۆكی هەرێمی كەتەلۆنیا، مەرسومی ئەنجامدانی ریفراندۆمی بۆ جیابوونەوەی هەرێمەكە لە وڵاتی ئیسپانیا واژۆكرد. بەپێی ئەو مەرسومە، رۆژی 9/11/2014 ریفراندۆمەكە لە هەرێمی كەتەلۆنیا ئەنجامدەدرێت.
ماریانۆ راخویی، سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیاش رایگەیاندووە، ''ئەو مەرسومە پێشێلكردنی دەستوورە و بەهەموو شێوەیەك رێگری لێدەكەین، رۆژی دووشەممەش حكومەت بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە كۆدەبێتەوە و وەڵامێكی یاساییانە بۆ ریفراندۆم لە هەرێمی كەتەلۆنیا دادەڕژێ و دەیخاتە بەردەم دادگای دەستووری''.
پێشتر و لە 9ی نیسانی 2014 سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا گوتبووی، "ئەگەر كەتەلۆنیا بە پاكێجێكی چاكسازیی دەستووریی بێنەوە، ئێمە ئامادەین بۆ دیالۆگ، بەڵام ھەرگیز رێگا بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی نادەین".
لە كۆتایی مانگی رابردوو ئەلبێرتۆ رویز گالاردۆن، وەزیری دادی ئیسپانیا، بە سەرۆكی حكومەتی كەتەلۆنیای گوتبووە، ''لەمەودوا كەتەلۆنیایەكی سەربەخۆ نابینن و لەڕووی سیاسی و یاساییەوە دەرفەتی مانەوەی نەماوە، هەروەها تەنیا بە ھەبوونی راپۆرت، ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوەیەكگرتووەكان دانی بەو دەوڵەتەدا ناوە، بەڵام ھیچ كامێك لە دەوڵەتە گەورەكان پشتگیریی لە كەتەلۆنیا ناكەن، چونكە جیھان و ئەوروپا پێیانوایە ئەو سەقامگیرییەی ھەیە بەم ھەنگاوە دەشێوێ''.
ماوەی چەندین ساڵە هەرێمی كەتەلۆنیا هەوڵی جیابوونەوە لە وڵاتی ئیسپانیا دەدات، ئەمەش دوای ئەوە هات ناسیۆنالیستەكانی ئەو هەرێمە كە ركابەری سەرسەختی دەسەڵاتی مەلەكین لە ئیسپانیا، دەسەڵاتیان گرتە دەست.
رووداو