ئەمریكا كۆمەڵێك كەس و گرووپی دیكەی خستە لیستی تیرۆرەوە

 ئەمریكا كۆمەڵێك كەس و گرووپی دیكەی خستە لیستی تیرۆرەوە
لە كاتێكدا هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا بۆسەر چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەردەوامن، وەزارەتی دارایی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رۆژی 24ـی ئەیلول، 12 كەس و گرووپی لە سەرانسەری جیهان خستە لیستی تیرۆرەوە، بە هۆی ئەوەی هاوكاری گرووپە تیرۆریستییەكانن.

وەزارەتی دارایی ئەمریكا رایگەیاند، كە ئەوانەی خراونەتە لیستی تیرۆرەوە بە تەواوی هاوكاری گرووپە تیرۆریستییەكانیان كردووە، کە لە نێویاندا گرووپی داعش و بەرەی نوسرە، ئەلقاعیدە و جامیعەی ئیسلامییە، كە گرێدراوی قاعیدەن، ئەم گرووپ و كەسانە لە باری دارایی و دابینكردنی كەلوپەلەوە لە سووریا و وڵاتانی دیكەش یارمەتیدەری بەردەوامی گرووپە تیرۆریستییەكانن و بۆیە بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هەموو جۆرە هاوكارییەكیان بۆ ئەم گرووپانە قەدەغەكردووە.

ئەمانەش ناوی ئەو كەسانەن لەگەڵ هۆكاری چوونە نێو لیستی تیرۆرەوە :

1. تارخان تایمورۆزاڤیچ بایتیراشڤیلی: كەسێكی جۆرجیایە و ئێستا لە سووریایە لەگەڵ داعش دەستی بەسەر چەندین پێگەی سەربازیدا گرتووە و سەركردایەتی چەندین هێرشی كردووە.

2. تاریق بن ئەلتەهار بن ئەلفەلاح ئەلعەونی ئەلهەرزی: بەرپرسێكی باڵای داعشە لە سووریا، كە باری ئابووری داعشی بەرزكردووەتەوە و سەفەركردنی بۆ چەكدارەكان ئاسانكردووە، ئەو یەكێكە لە یەكەمین تیرۆریستەكان، كە چووەتە پاڵ داعشەوە.

3. عەبدولعەزیز عودەی زیمین ئەلفازیل: خەڵكی كوەیتە و لە بواری ئابوورییەوە خزمەتێكی زۆری بە بەرەی نووسرە كردووە.

4. ئەشرەف محەممەد یوسف عوسمان عەبدولسەلام ، چەكدارێكی سوورییە و پاڵپشتی دارایی و تەكنۆلۆژی گرووپە تیرۆریستییەكانی كردووە.

5. عومەر ئەلقەتەری ئوردنی، كە لە بوارەكانی دارایی و تەكنۆلۆژیی خزمەتی بە گرووپی بەرەی نوسرە و ئەلقاعیدە كردووە.

6. فاتیح حەسار : ئاسانكاری بۆ ئەوانەی، كە پاڵپشتی ئابووری ئەلقاعیدە دەكەن لە توركیا، كردووە و هاوكاری بۆ تووندڕەوەكانی ئەفغانستان و پاكستان ناردووە.

7. حەمەد ئاواد داحی سەرحان ئەلشەممەری: ئاسانكاری بۆ ئەوكەسانەی كە ویستویانە هاوكاری دارایی ئەلقاعیدە بكەن لە كوەیت كردووە و هەروەها ئاسانكاری بۆ ئەو كەسانە كردووە، كە ویستوویانە سەفەربكەن، تاوەكو ببنە ئەندامی رێكخراوی داعش.

8. ئیبراهیم عیسا حاجی محەممەد ئەل بەكر: خزمەتی دارایی و تەكنۆلۆژی ئەلقاعیدەی كردووە. لە ساڵی 2006 رۆڵێكی سەرەكی گێڕاوە لەو پلانەی كە بڕیاربوو بكرێتە سەر بنكەی سەربازی ئەمریكا لە قەتەر. ئەو لە سەرەتاكانی ساڵی 2000 بە تۆمەتی بەشداریكردن لە تۆڕی جیهاد دەستگیركرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە هیچ كارێكی تیرۆریستی تێوەنەگلابوو لە قەتەر ئازادكرا.

9. رێكخراوی مانگی سووری ئەندۆنیسی: رێكخراوێكی ناحكومییە لە ئەندۆنیسیا، كە بووەتە هۆی باشتركردنی باری ئابووری و كۆكردنەوەی پارە بۆ گرووپە تووندڕەوەكان، ئەم گرووپە چووەتە سووریا بۆ ئەوەی راهێنانی سەربازی بە گرووپە تووندڕەوەكانی دیكە بكات.

10. ئانگا دیماس پرەشادا: سەرۆكی رێکخراوی مانگی سووری ئەندۆنیسیا، كە یارمەتیدەربووە لە بەرزكردنەوەی باری دارایی گرووپە تووندڕەوەكان.

11. بامبانگ سوكرینۆ : یەكێك لە بەرپرسە باڵاكانی جامیعە ئیسلامییەی ئەمریكا، كە نەتەوە یەكگرتوەكان ئاماژەیان بەم گرووپەكردووە، وەك یارمەتیدەری ئەلقاعیدە، هەروەها هاوكار بووە لە بەهێزكردنی باری دارایی رێكخراوی مانگی سووری ئەندۆنیسیا.

12. ویجی جیكۆ سانتۆسۆ: سەرۆكی جامیعە ئیسلامییەیە و رۆڵی سەرەكی هەبووە لە چالاكییەكانی گرووپە تووندڕەوەكان لە سووریا.








رووداو
Top