یەکەمین هێرشی ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکان بۆ سەر داعش لە سوریا دەستیپێکرد

یەکەمین هێرشی ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکان بۆ سەر داعش لە سوریا دەستیپێکرد
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا (په‌نتاگۆن) رایگه‌یاند، بەرەبەیانی ئەمرۆ،سێ‌شەممە ٢٣ی ئەیلول یەکەمین هیڕشی ئاسمانی ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکان بۆ سەر مۆڵگه‌ و بنکەکانی چه‌كدارانی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناسراو به‌ داعش له‌ سوریا دەستیپێکرد.



ئه‌دمیرال جۆن كێربی، وته‌بێژی په‌نتاگۆن ڕایگەیاند، سوپای ئه‌مه‌ریكا و هێزی سه‌ربازیی ووڵاتانی هاوپه‌یمان له‌ رێگه‌ی رۆكێتی فڕۆكه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كان و مووشه‌كی تۆماهۆك كرده‌ی سه‌ربازی دژ به‌تیرۆریستانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ سوریا ئه‌نجامده‌ده‌ن.



هه‌رچه‌نده‌ ورده‌كارییه‌كانی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تی روون نه‌كرده‌وه‌ به‌بیانووی ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا بارودۆخه‌كه‌ بوارنادات ورده‌كارییه‌كان بخه‌ینه‌ڕوو به‌ڵام له‌ كاتێكی داهاتوودا هه‌موو ورده‌ كارییه‌كان بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌.



كێربی سه‌باره‌ت به‌و ووڵاتانه‌ی چوونه‌ته‌ پاڵ هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا بۆ لێدانی داعش له‌ سوریا هیچ زانیارییه‌كی نه‌دركاند، به‌ڵام به‌رپرسێكی ئه‌مریكایی كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رزی راگه‌یاندووه‌ كه‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ لێدانی چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ سوریا هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی هیچ یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ بێنیت.



به‌پێی زانیارییەکان یەکەمین هێرشی ئاسمانی ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکان بۆ سەر داعش لە سوریا، بنکەکانی ئەو ڕێکخراوەیان لە شاری ڕەقە کە بە ناوەندی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام(داعش) دادەنرێت، بۆردومانکردووە.



شاری رقه‌ كه‌ ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی زیاتر له‌ ٢٢٠ هه‌زار كه‌سە‌، به‌دووری ١٦٠ كم ده‌كه‌وێته‌ رۆژئاوای شاری حه‌له‌ب له‌ ناوه‌ڕاستی سوریا و له‌ ئێستاشدا یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین شاره‌كانی ئه‌و ووڵاته‌ كه‌ له‌ ژێر كۆنتڕۆڵی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دایه‌ و به‌پێی ئه‌و پانتاییه‌ی له‌ خاكی هه‌ردوو وڵاتی سوریا و عێراق له‌به‌رده‌ستیاندا، رقه‌ وه‌كو پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌ركه‌وتووه‌.
Top