عەبدوڵڵا گول: كەس بۆی نییە مافی پەروەردەیی خەڵکی دیكە پێشێل بكات

عەبدوڵڵا گول: كەس بۆی نییە مافی پەروەردەیی خەڵکی دیكە پێشێل بكات
7ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- دوای ئەوەی دوێنێ كۆمەڵێك قوتابی زانكۆی تەكنیكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێرشیان كردە سەر ئەو قوتابییە كچە كە بە سەرپۆشەوە سەردانی زانكۆی كردبوو، شەڕ و پێكدادان لە نێوان قوتابیانی ئەو زانكۆیەدا رووی داو پۆلیسیش بە زۆر توانی بارودۆخەكە كۆنترۆڵ بكات.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی رەسمی سەرۆك كۆماری توركیا بڵاویكردەوە كە رووداوەكانی زانكۆی تەكنیكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شایەنی جێگا و پێگەی ئەمڕۆی توركیا نین و دەبێت بەرپرسانی ئەو رووداوانە ئاشكرا و رادەستی دادگا بكرێن.

سەرچاوەكە لە سەر زاری سەرۆك كۆماری توركیا بڵاویكردەوە كە مافی پەروەردە مافێكی سروشتی هەر تاكێكی توركیایە و هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە مافی پەروەردەیی هیچ كەس و لایەنێكی دیكە پێشێل بكات.

سەرۆك كۆماری توركیا هەروەها جەختی لە سەر ئەوە كردەوە كە گفتوگۆ لە سەر ئازاد بوون، یا ئازاد نەبوونی سەرپۆش لە دامودەزگا فەرمییەكانی توركیادا بابەتێكی زۆر دواكەوتووە و نابێت توركیا بگەڕێتەوە بۆ ئەو قۆناغانە كە باس لەمجۆرە پرسانە بكات.
Top