جۆن مەكەین: رەتكردنەوەی داواكەی ئۆباما دەبێتە كارەسات
سیناتۆر جۆن مەكەین، لە پارتی كۆماری بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: پێویستە پلانێكی گشتگیر هەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی رژێمەكەی ئەسەد و بەهێزكردنی ئۆپۆزیسیۆن.
مەكین لەبارەی هاوكاریكردنی ئۆپۆزیسۆنی سووریاوە گوتی: \"ئەوان تاوەكو ئێستا هاوكارییەكی ئەوتۆیان پێنەگەیشتووە كە پێویستیانە، لە كاتێكدا رژێمەكەی ئەسەد لەلایەن ئێرانەوە هەموو هاوكارییەكی پێگەیشتووە و تواناكانی زیادیكردووە\"".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا پێیوایە \""ئەگەر كۆنگرێس داواكەی ئۆباما لەمەڕ هێرشكردنە سەر سووریا رەتبكاتەوە ، ئەوا دەبێتە كارەساتێك بۆ متمانەی ئەمریكا لە جیهاندا\"".
سیناتۆر لیندزی گراهام باسی لە پێویستی هاوكاریكردنی سوپای ئازادی سووریا كرد و گوتی:\""هاوڕاییەك لەنێوان لایەنەكاندا هەیە كە پێویستە هەوڵبدرێت تواناكانی ئەسەد كەمبكرێتەوە و هاوكاری ئۆپۆزیسیۆن بكرێت بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی بەهێز بكات، چونكە من و جۆن و سەرۆكیش پێمان وایە سوورییەكان هیچ هاوسۆزییەكیان لەگەڵ ئەلقاعیدەدا نییە\"" .
گراهام لەو لێدوانەیدا ئۆپۆزیسیۆنی سووریای بە ئۆپۆزیسیۆنێكی پشكنراو وەسف كرد، كە ئاماژەیە بۆ ئەوەی دوای پشكنین بۆیان دەركەوتووە هیچ پەیوەندی و هەماهەنگییەكیان لەگەڵ رێكخراوی ئەلقاعیدەدا نییە\"".
لەلایەكی دیكەوە یۆشیهیدی سوگا، سكرتێری گشتی حكومەتی ژاپۆن هاوكاری وڵاتەكەی بۆ ئەمریكا دووپاتكردەوە و رایگەیاند باراك ئۆباما و سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن رەزامەندن هەردوولا پێكەوە كار لەسەر دۆخی سووریا بكەن و گوتی: \""لە كاتێكدا ئێمە لە هەوڵە هەواڵگرییەكانمان بەردەوامین بۆ ئەوەی ئاشكرای بكەین كام لایەن چەكی كیمیایی بەكارهێناوە، هەردوولا رازین لەسەر ئەوەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بە هەر جۆرێك بێت لێخۆشبوونی نییە\"".
لویز ئالبەرتۆ فیگورێدۆ، وەزیری دەرەوەی بەرازیل لە بارەی ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر سووریا هۆشداریی داو رایگەیاند: بەكارهێنانی هێزی سەربازی لە سووریا لە دەرەوەی چوارچێوەی كاری نەتەوە یەكگرتووەكانەو شكاندنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە.
رووداو"