فەرەنسا و ئەمریکا و تورکیا لەسەرئەوە سوورن هێرشی سەربازی بکرێتە سەر سوریا
سەرۆک کۆماری فەرەنسا، فرانسوا ئۆلاند، لە کاردانەوەیەکدا سەبارەت بە دەنگدانی پەرلەمانی بەریتانیا بەمەبەستی بەشداری نەکردنی ئەم وڵاتە لە هێرشی سەربازی بۆ سەر سوریادا، گوتی: ئەم دەنگدانەی پەرلەمانی بەریتانیا لەسەر تەمای فەرەنسا کاریگەرنابێت و هەر وڵاتێکی سەربەخۆ خۆی لەباری سیاسەتی درەوەیدا تەما دەگرێت.
سەرەڕای ئەوەی حکومەتی بەرتانیا ئامادەبوو لە هێرشی سەربازیی وڵاتانی رۆژئاوادا بۆ سەر حکومەتی بەشار ئەسەد بەشداربێت، بەڵام دوو رۆژ پێش پەرلەمانی ئەم وڵاتە بە زۆربەی دەنگ دژی ئەم تەمایەی حکومەت وەستایەوە. دوای ئەوەش وەزیری بەرگریی بەرتیانیا رایگەیاند، حکومەتەکەی لەم هێرشە چاوەڕوانکراوەدا بەشداری ناکات.
فرانسوا ئۆلاند، لەوتووێژ لەگەڵ رۆژنامەی لۆمۆنددا، داکۆکیی کرد: فەرەنسا هەنگاوی شیاو و لێبڕاوانە لە بارەی سزادانی سوریا بە هۆی کەڵک وەرگرتن لە چەکی کیمیاویەوە دەنێت و تەواوی بژاردەکانیش بۆ ئەم مەبەستە لەبەردەستدان.
بە گوتەی چاودێران، ئەم دەنگدانەی پەرلەمانی فەرنسا درزی خستە ناو یەکدەنگیی وڵاتی رۆژئاواوە، بەڵام لێدوانی سەرۆکی فەرەنسا جارێکی دیکە هەڵوێستی ئەمریکا بەهێزتر دەکات کە هەروا لەسەر سزادانی سەربازیی سووریا پێدادەگرێت.
سەرەڕای ئەمانە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، چاک هێگڵ، گوتی: حکومەتی وڵاتەکەی ئێستاش خەریکی رێکختستنی هەواڵبەندییەکی نێوەدەوڵەتییە تا بتوانن بە شێوەی هاوبەش حکومەتی سوریا سزا بدەن.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زمان سەرچاوەکانی ئەمریکاوە رایگەیاند شەشەمین کەشتیی شەڕکەری ئەم وڵاتە گەیشتە ئاوەکانی رۆژئاوای دەریای ناوەڕاست و لە هەمان کاتدا سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆیتەرزی راگەیاند: هێزە سەربازیەکانی سعودیا هەر لەپەیوەندی لەگەڵ ئەگەری هێرش بۆ سەر حکومەتی بەشار ئەسەددا، کەوتوونەتە ئامادەباشیەوە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیش لە زمان سەرۆک وەزیرانی تورکیاوە رایگەیاند: هەر هێرشێک بۆ سەر سوریا دەبێ بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە خوێن رشتن بێت و حکومەتی ئەسەد ئەوەندە بێهێز بکات کە ببێتە هۆی لە ناوچوونی.