ئەحمەد جەربا : دەخوازین بەزووترین کات لە بەشار کیمیایی بدرێت

ئەحمەد جەربا : دەخوازین بەزووترین کات لە بەشار کیمیایی بدرێت
31ی‌ ئاب/ ئۆگۆست (گولان میدیا)- رۆژنامەی لۆباریزیان ی فەرەنسی بڵاویکردەوە کە ئەحمەد جەربا سەرۆكی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا داویکردووە رۆژئاوا گورزی سەربازی لە رژێمەكەی بەشار ئەسەد بوەشێنێت و ئەسەد و خێزانەكەی رادەستی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بكات. لەدیدارێکی كە لەگەڵ رۆژنامەی (لۆباریزیان)ی فەرەنسی ئەنجامیداوە ئەحمەد جەربا،بەشار ئەسەدی بە ئەسەد كیمیاوی وەسف كرد و ئەوەشی خستۆتەروو کە پێویستە بەشار ئەسەد لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی سزا بدرێت، سەرۆكی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا داواشیكرد: ئەو هێرشە سەربازیەی چاوەروان دەكرێت بكرێتە سەر سوریا کاتی نەبێت بەیەکجاری كۆتایی بە رژێمەكەی بەشار ئەسەد بهێنێت. هەر لە دیدارەکەدا ئەحمەد جەربا ئاشکرای کرد ئۆپۆزسیۆنی سوریا چاوەروانی سزادانی رژێمی بەشار ئەسەد دەكەن و داواكاریشین لەهەنگاوی دواتریشدا، پشتگیری سیاسی و هاوكاری سەربازی پێشكەش بە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن بکرێت، لەبارەی ئیسلامیە توندڕەوەكانی ئەو وڵاتەشەوە، ئەحمەد جەربا تەئكیدی كردەوە كە نایەنەوێت دوای رووخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد خۆیان لەبەرامبەر حوكمی قاعیدەدا ببینەوە و تەئكیدیشی كردەوە: حكومەتی سوریا ئەو گرووپە تیرۆریستیانە بۆ ترساندنی جیهان بەكاردەهێنێت.
Top