28ی ئاب/ ئۆگۆست (گولان میدیا)- دوای ئەوەی كە لەم دواییەدا ژمارەیەی هێرشی چەكداری و تەقینەوەكان لە ژمارەیەك شار و شارۆچكەی لیبیا رووی لە زیادبوون كردووە و هەروەها هەندێك لایەن هەوڵی راگەیاندنی هەرێمی سەربەخۆی لەو وڵاتە دەكەین؛ لە كاردانەوەیەكدا سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە داوای ئەنجامدانی دانوستان بۆ هاتنەدیی ئاشتەوایی نیشتیمانی كرد. لەمبارەیەوە و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا عەلی زێدان سەرۆك وەزیرانی لیبیا دەستپێشخەرییەكی بۆ ئەنجامدانی دانوستاندنی نیشتمانی لەو وڵاتە پێشكەشی لایەنە سیاسییەكان كرد . هەروەها زێدان ئاماژەی بەوە كرد كە پێویستە ئاشتەوایی نیشتیمانی لە سەرانسەری لیبیا بێتەدی و هەروەها یاسایەكی تایبەتیش بۆ چەك داماڵین دەربكرێت . لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا سەرۆك وەزیرانی لیبیا راگەیاند كە ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەكەی بڕیاریداوە بە پێكهێنانی لیژنەیەكی ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ئەو دانوستاندنە نیشتمانییە. سەرۆك وەزیرانی لیبیا ئەوەشی خستەروو كە بۆ بەسەركەوتوویی بەڕێوەچوونی ئەو دیالۆگە نیشتمانییە، حكومەتی لیبیا هەڵدەستێت بەئامادەكارییە ئیداری و لۆجیستییەكان و حكومەت نابێتە لایەنێكی ئەو مەسەلەیە و هیچ بەرنامە و بیرۆكەیەك دانانێت.