ئه‌گه‌ری‌ هێرش بۆ سه‌ر سووریا، به‌ بێ‌ ره‌زامه‌ندیی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش

ئه‌گه‌ری‌ هێرش بۆ سه‌ر سووریا، به‌ بێ‌ ره‌زامه‌ندیی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش
وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ بریتانیا ته‌ئكیدی‌ كردووه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ هاوپه‌یمانیی‌ نێوده‌وڵه‌تیی‌ دژ به‌ سووریا، به‌ بێ‌ ره‌زامه‌ندیی‌ هه‌موو ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش، هێرشی‌ سه‌ربازی‌ بكاته‌ سه‌ر رژێمی‌ به‌عسی‌ به‌شار ئه‌سه‌د.

ویلیه‌م هه‌یگ، وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ بریتانیا له‌ لێدوانێكی‌ رادیۆییدا رایگه‌یاندووه‌ بۆ هه‌ڵوێستی‌ گونجاو له‌ به‌رامبه‌ر تاوانه‌كانی‌ رژێمی‌ سووریا، ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ بێ‌ ره‌زامه‌ندیی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش، هێرشی‌ سه‌ربازی‌ بكرێته‌ سه‌ر سووریا.

هاوكات به‌پێی‌ هه‌واڵی‌ ئاژانسی‌ ئه‌ڵمانیا، سه‌رۆكوه‌زیرانی‌ بریتانیا، به‌نیازه‌ پشووی‌ هاوینه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ بریتانیا هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ و په‌رله‌مانتاران بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر هێرشی‌ سه‌ربازی‌ بۆ سووریا، بانگهێشتی‌ په‌رله‌مان بكاته‌وه‌.

هاوكات رۆژنامه‌ی‌ تایمز له‌ راپۆرتێكدا بڵاوی‌ كردووه‌ته‌وه‌، له‌ دیداری‌ نێوان هه‌ر دوو فه‌رمانده‌ی‌ ئه‌ركانی‌ سوپای‌ بریتانیا و ئه‌مه‌ریكا، هه‌ر دوو لایه‌ن رێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ قۆناغی‌ یه‌كه‌می‌ هێرش له‌ دژی‌ به‌شار ئه‌سه‌د، له‌ رێگه‌ی‌ پاپۆڕه‌ سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌ بكرێت.
Top