چاك هیگڵ وەزیری بەرگری ئەمەریكا رایگەیاند پنتاگۆن ئامادەیە كردەی سەربازی لە دژی سوریا ئەنجام بدات ئەگەر باراك ئۆباما ئەو بژادەیە دەستنیشان بكات. هەروەها سەرچاوەكانی ئیسرائیل بڵاویانكردەوە لە پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان بینی گانتس سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل و مارتین دمبسی سەرۆكی دەستەی هاوبەشی سوپای ئەمەریكی باس لەوەكراوە كە ئەمەریكا بە نیازە بەم زوانە كردەی سەربازی لە دژی رژێمی سوریا ئەنجامبدات. هاوكات سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوەشكرد بابەتی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە سوریا و چۆنیەتی هەماهەنگی نێوانیان بۆ كردەی سەربازی دژی سوریا كرۆكی گفتوگۆكانی نێوان دمبسی و گانتس بوو. هەروەها سەرچاوەكانی ئیسرائیل ئەوەیان راگەیاند كردەی سەربازی ئەمەریكی لە ئاراستەكردنی مووشەك لە دەریاو و وشكانی چڕ دەبێتەوە بێ ئەوەی ئامانجی روخانی رژێمی ئەسەد بێت. لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمەریكا و دیڤید كامیرۆن سەرۆك وەزیرانی بریتانیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی رەنگە رژێمی ئەسەد چەكی كیمیایی دژی گەلەكەی بەكارهێنابێت، هەروەها باسی بژادەی سەربازیان لە دژی دیمەشق كرد.