ئەمریكا و بەریتانیا كۆكن لەسەر وەڵامێكی تووند بۆ رژێمی سووریا
بەپێی هەواڵێكی فرانس پرێس هەریەك لە باراك ئۆباما و دەیڤید كامیرۆن گفتوگۆیان لەبارەی بڕیاردان لەسەر وەڵامێكی گونجاوی ئەنجوومەنی نێونەتەوەیی كردووە سەبارەت بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن رژێمی سووریاوە.
گفتوگۆكەی ئۆباما و كامیرۆن راستەوخۆ دوای كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا دێت بۆ تاووتوێكردنی راپۆرتەكانی لەمەڕ رووداوەكەی چوارشەممە21/8/2013 ی رابردوو لە سووریا.
بەپێی لێدوانی گوتەبێژی كۆشكی سپی، ئۆباما درێژەی ئەو زانییاریانەی بەدەست گەیشتووە كە پێشتر لەلایەن هەریەكە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئەنجوومەنی نێونەتەوەییەوە داواكراوە لەپێناو گەیشتن بە بڕیارێك سەبارەت بە رژێمەكەی ئەسەد.
كۆبوونەوەكانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكی و گفتوگۆكانی ئەمریكا و بەریتانیا پێكەوە، دوای ئەوە دێن كە دوێنێ جاك هیگڵ، وەزیری بەرگری ئەمریكا كۆمەڵە بژاردەیەكی سەبارەت بە لێدانی سووریا خستە بەردەم ئۆباما، هەروەها هێزەكانی ئەمریكای ئامادە كردووە بۆ هەر بڕیارێك كە لەو بارەیەوە بدرێت.
هەرچەندە ئۆباما پێشتریش هۆشداریی لەمەڕ كەوتنە نێو ململانێیەكی دیكە داوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی راپۆرتەكان لەسەر سووریا و پێداگرییەكانی وەزارەتی بەرگری وڵاتەكەی بۆ لێدانی ئەسەد، لەژێر فشارێكی زۆردایە.
بی بی نیوز ئاشكرای كردووە كە هەریەكە لە كامیرۆن و ئۆباما رەزامەندن لەسەر وەڵامدانەوەیەكی تووندی ئاسایشی نێونەتەوەیی لەبەرامبەر سووریا لەكاتی دڵنیابوون لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن ئەو رژێمەكەی ئەسەدەوە.
رژێمی سووریا و ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە یەكدی تۆمەتبار دەكەن لەسەر بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و رووداوەكەی ٢١ی ئەم مانگە دەخەنە ئەستۆی یەكتر، ئەمە لەكاتێكدایە كە تیمی لێكۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان پێیانوایە هاوكارینەكردنی رژێمەكەی ئەسەد بۆ پشكنین و لێكۆڵینەوە ئەوە نیشان دەدات كە ئەو رژێمە شتێك دەشارێتەوە.
رووداو