دوای ئەوەی ژنە رۆژنامەوانێك لەگەڵ هاوڕێیەكیدا سەرقاڵی وێنەگرتن بوونە و كەسێك لێیان نزیكبووەتەوە و پرسیاری لێكردوون ئایا مۆڵەتیان هەیە وێنە بگرن، لەو كاتەدا كەسێكی دیكە هاتووە و پەلاماری ژنە رۆژنامەوانەكەی داوە و ژمارەیەك كەسی دیكە كۆبوونەتەوە و دەستدرێژی سێكسی بە كۆمەڵیان كردووەتە سەرکچە رۆژنامەوانەکە، لە لێدوانیدا بۆ كەناڵی تەلەفزیۆنی هیندستانبەرپرسی پۆلیس ساتیابال سینگ رایگەیاند: ئەو ژنە رۆژنامەوانەی دەستدرێژی سێكسی بە كۆمەڵ كراوەتە سەر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەكی باشووری شاری مۆمبایی و خراوەتە ژێر چاودێرییەوه و تا ئێستا پۆلیس هیچ كام لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانەیان دەستبەسەر نەكردووە. تاوانەكە لە كارگەیەكی چنین لە ناوچەی لویر بێرڵ كە ناوچەیەكی پیشەسازی روو لە گەشەی هیندستانە و بە دەیان باڵەخانه و سەنتەری بازرگانی و یانەی شەوانەی لێیە ئەنجامدراوە. روودانی ئەو تاوانە لە ناوچەیەك بازرگانی شاری مۆمبایی بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی لە هیندستان تووشی شۆك كردووە بەو پێیەی ئەو ناوچەیە بۆ ژنان وەك ناوچەیەكی ئارام ناسراوە. لەبەرامبەر ئەو رەفتارە تاوانكارییەدا پۆلیس رێوشوێنی گرتووەتە بەر بۆ كۆنترۆڵكردنی رەوشی گشتی شارەكە لە كاتی روودانی هەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكی جەماوەریدا دژ بە دەستدرێژیكردنە سەر ئەو ژنە رۆژنامەوانە.