هاشمی رەفسەنجانی: گەل داوای گۆڕانكاری كرد و بۆ خۆیشی گۆڕانكاری كرد

 هاشمی رەفسەنجانی: گەل داوای گۆڕانكاری كرد و بۆ خۆیشی گۆڕانكاری كرد
سەرۆكۆماری پێشووی ئێران و سەرۆكی ئەنجومەنی دەستنیشانكردن و پاراستنی بەرەژوەندییەكانی شۆڕشی ئێران عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسەنجانی سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی ئەم دوایەی ئێران رایگەیاندووە كە خەڵكی ئێران داوای گۆڕانكاری دەكرد و بۆ خۆیشی گۆڕانكاری كرد.

لەمبارەیەوە ئاژانسی ئیرنای ئێرانی بڵاویكردەوە كە سەرۆكی ئەنجومەنی دەستنیشانكردن و پاراستنی بەرەژوەندییەكانی شۆڕشی ئێران عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسەنجانی لە میانەی دیدارێكی خۆی لەگەڵ كۆمەڵێكی پزشكی ئێرانیدا باسی بارودۆخی هەنۆكەیی ئێران و هەڵبژاردنەكانی ئێرانی كردووە و رایگەیاندووە كە خەڵكی ئێران داوای گۆڕانكاری دەكرد و بۆ خۆی ئەو گۆڕانكارییانەی جێبەجێ كرد.

هاشمی ئاماژەی بەوە كردووە كە خەڵك ویستی لەگەڵ مندا دەست بە گۆڕانكاری بكات بەڵام كاتێك بینی من لە مەیدان دەرچووم خەڵك بۆ خۆی رێگای خۆی بەردەوام كرد و گۆڕانكاری پێویستی كرد.

ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە بارودۆخی هەنۆكەیی ئێران بووەتە هۆكاری دەستپێكردنی دەیەیەكی نوێ بۆ ئێران. خەڵكی ئێران وەرەز ببوو هەر بۆیە بۆ خۆی رێگای بۆ دەستپێكردنی ئەم بارودۆخە نوێیە خۆش كرد.
Top