رۆحانی، بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە سووریا ئیدانەدەكات

 رۆحانی، بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە سووریا ئیدانەدەكات
سەرۆك كۆماری ئێران بەتوندی ئیدانەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە سووریا كردو داواش دەكات كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێ لە بەكارهێنانی ئەو جۆرە چەكە بگرن.

حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێك تۆمەتبار بكات بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە سووریا، رایگەیاند \"حكومەتی ئێران كە خۆی قوربانی چەكی كیمیاییە، هۆشداری دەداتە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەموو هێزی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی رێگریی بكەن لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە هەر شوێنێكی جیهان بەتایبەت سووریا\"".

رۆحانی كە لەسەر مەزارگەی ئایەتوڵڵا خومەینی ئامادەبوو، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا نیگەرانی خۆی لە بارودۆخی ناوچەكە دەربڕی و گوتی\"" بە پێویستی دەزانم بە توندی نیگەرانییەكانی خۆم لە باروودۆخی سووریا دەربڕم بە هۆی ئەوەی رێژەیەكی زۆر لە خەڵكی بێتاوانی ئەو وڵاتە، بە هۆی چەكی كیمیاییەوە شەهید و بریندار بوون\"".

حكومەتی ئێران لە رۆژی یەكەمی ناڕەزایەتییەكانی سووریا پاڵپشتی خۆی بۆ حكومەتی ئەسەد دەربڕیوە و بە پێی راگەیاندنی وڵاتانی رۆژئاوایی بە هەموو شێوەیەك یارمەتی دارایی و سەربازی ئەو حكومەتەی كردووە .

ئەحمەد ئەلجەربا، سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی سووریا، 9-8-2013 رەخنەی لە دەستتێوەردانەكانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان لە قەیرانە ناوخۆییەكانی وڵاتەكەی گرت و رایگەیاند \""قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، حاكمی سووریایە\"".










رووداو"
Top