دوای ئەوەی بەهۆی ژمارەیەك تەقینەوە كە گومان دەكرێت چەكی كیمیایی بێت لە ریف دیمەشق روویاندا و بەو هۆیەوە زیاتر لە هەزار و چوار سەد كەس گیانیان لەدەستدا؛ كاردانەوەی نێودەوڵەتیی لێكەوتەوە و زۆربەی وڵاتانی جیهان ئیدانەی كردەوەكەیان كرد. لەلایەن خۆیەوە لە وتەیەكدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك وەزیرانی توركیا بە توندی ئیدانەی ئەو رووداوەكەی كرد و رایگەیاند كە یەكەم جار نییە رژێمی بەشار ئەسەد لە دژی هاووڵاتیانی سڤیل لە سوریا چەكی ئەتۆمی بەكار دەهێنێت و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵی ئەوە بدات كە بە هەر شێوەیەك بێت رژێمی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا نەهێلێت. لەلایەكی دیكەشەوە ئەمەریكا راگەیاند كە واشنتۆن لەوە دڵنیا نییە كە رژێمی سوریا چەكێ كیمیایی بەكارهێنابێت. لەمبارەیەوە جنیفەر بەساكی گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند كە ئەگەر رژێمی بەشار ئەسەد چەكی كیمیایی بەكار هێنابێت ئەوا رەوشی سوریا بەرەو ئاڵۆزتر دەروات و بۆ ئەم مەبەستەش ئۆباما دەزگای هەواڵگری سی ئای ئەی راسپاردووە كە لێكۆلینەوە لەوبارەیەوە بكات.