فەرەنسا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات هێز لە دژی ئەسەد بەكاربهێنێت

 فەرەنسا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات هێز لە دژی ئەسەد بەكاربهێنێت
حكومەتی فەرەنسا داوادەكات ئەگەر سەلمێنرا حكومەتی سووریا لە دژی خەڵكی ئەو وڵاتە چەكی كیمیایی بەكارهێناوە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت لە دژی بەشار ئەسەد هێز بەكار بهێنێت.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردووەتەوە لۆران فابیۆس، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رۆژی پێنجشەممە 22-8-2013 رایگەیاند \"كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ئەو رووداوە ناچارە هێز بەكاربهێنیت، ئەگەرچی باسی ناردنی هێزی پیادە لە ئارادا نییە.
لۆران فابیۆس هۆشداریی دایە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتو‌وەكان كە ئەگەر نەتوانێت بڕیارێك لەسەر ئەو پرسە دەربكات، هەنگاوی دیكە دەگیرێتە بەر.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتیشی \"" ئەگەر ئەسەد رێگە بە تیمەكانی لێكۆڵینەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان نەدات لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو رووداوانەی رۆژی چوارشەممە 21-8-2013 بكەن، ئەوا دەردەكەوێت ئەو رووداوە ئەو خولقاندوویەتی.

لە لایەكی دیكەوە ئەحمەد داود ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا، لە بەرلینەوە سەبارەت بە رووداوەكانی سووریا گوتی: \""هەموو هێڵە سوورەكانی سووریا بەزێنراون، بەڵام ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتو‌وەكان ناتوانێت هیچ بڕیارێك لەسەر ئەو پرسە دەربكات\"".

گوتیشی: \""بەرپرسیارێتی ئەو رووداوانەی سووریا لە ئەستۆی ئێمە و كەسانێكە كە تاوەكو ئێستاش هەر هێڵی سوور دادەنێن\"".

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لەسەر زاری سەرچاوە پزیشكییەكان، چەكدارەكان و رێبەرانی سیاسی رایگەیاندبوو كوژراوانی رووداوەكەی چوارشەممەی سووریا دەگاتە 1400 كەس. لەهەمان كاتدا گاردیان جەختیكردووەتەوە كە هیچكام لەو ئامارانە پشتڕاست ناكاتەوە.
بەرهەڵستكارانی حكومەتی بەشار ئەسەد رۆژی چوارشەممە 21-8-2013 رایانگەیاند \""هێزەكانی ئەسەد ناوچەی خوتەی دیمەشقیان كیمیابارانكردووە و بە سەدان كەس كوژراون برینداربوون\"". بەڵام رژێمی ئەسەد ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە و گومان دەخاتە سەر راستییەكانی ئەو رووداوە.













رووداو"
Top