ئه‌مه‌ریكا: سعودییه‌و ئێران ململانێكانیان له‌عێراق یه‌كلایی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌

ئه‌مه‌ریكا: سعودییه‌و ئێران ململانێكانیان له‌عێراق یه‌كلایی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌
15ی‌ ئاب/ ئۆگۆست (گوڵان میدیا)- نفوزی‌ ئێرانی‌ به‌سه‌ر پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌‌و ئاینی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ئابوری‌ عێراقدا زاڵه‌.. سعودییه‌ش به‌پاره‌و فتواو له‌ڕێگه‌ی‌ میدیاكانیه‌وه‌ هاوكاری‌ سوننه‌كان ده‌كات‌و ده‌یه‌وێت به‌ر به‌نفوزی‌ ئێرانی‌ بگرێت. ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌چه‌ند بروسكه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ باڵێوزی‌ پێشوی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق كریستۆڤه‌ر هێڵ، كه‌ له‌باره‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ عێراق‌و وڵاتانی‌ هاوسێی‌ ره‌وانه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكای‌ كردوه‌.

ئا: ئاوێنە

هێڵ كه‌ ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵ باڵێوزی‌ ئه‌مه‌ریكا بوه‌ له‌عێراق، له‌ساڵی‌ (2009) ژماره‌یه‌ك بروسكه‌ی‌ نهێنی‌ له‌باره‌ی‌ رۆڵ‌و پێگه‌و كاركردی‌ وڵاتانی‌ هاوسێ به‌تایبه‌تی‌ سعودییه‌و ئێران له‌سه‌ر دۆخی‌ سیاسی‌ عێراق ئاراسته‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا كردوه‌. رۆژنامه‌ی‌ گاردیانی‌ به‌ریتانی‌ به‌شێك له‌و بروسكانه‌ی‌ بڵاوكردۆته‌وه‌، كه‌ تیایدا هێڵ بۆ به‌شێك له‌زانیارییه‌كانی‌ پشتی‌ به‌به‌رپرسه‌ عێراقیه‌كان به‌ستوه‌.

سعودییه‌: ته‌حه‌دا گه‌وره‌كه‌
رۆژی‌ (24/9/2009) هێڵ بروسكه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ ئاراسته‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ده‌كات. له‌و بروسكه‌یه‌دا باس له‌وه‌ده‌كات هه‌ندێك له‌سیاسه‌تكارانی‌ عێراقی‌ بڕوایان وایه‌ سعودییه‌ هه‌وڵ بۆ به‌هێزكردنی‌ پێگه‌ی‌ سوننه‌و لاوازكردنی‌ كۆنترۆڵی‌ شیعه‌و بره‌ودان به‌حكومه‌تێكی‌ لاوازو دابه‌شبو ده‌دات، له‌هه‌مانكاتدا هه‌وڵێكی‌ دیكه‌ له‌ئاستی‌ پارله‌ماندا هه‌یه‌، بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تێكی‌ لاواز به‌سه‌ركردایه‌تی‌ شیعه‌و دابڕاو له‌هاوسێ‌ عه‌ره‌به‌كانی‌‌و له‌ڕوی‌ ستراتیژیه‌وه‌ پشت به‌ئێران ببه‌ستێ‌‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌یكه‌لیه‌تی‌ ئه‌منی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ بێت، به‌بۆچونی‌ باڵێوز \"ئه‌مه‌ریكا هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی‌ له‌م دو بژارده‌یه‌دا نییه‌\"".

له‌و بروسكه‌یه‌دا، باڵێوزه‌كه‌ وردتر له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ به‌غداو ریاز قسه‌ ده‌كات، پاشان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات به‌رپرسه‌ عێراقیه‌كان بۆچونیان وایه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ سعودییه‌ \""له‌كێشه‌ زۆر ئاڵۆزه‌كانه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌هۆی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌تینیان له‌گه‌ڵ سعودییه‌، سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌به‌رده‌م به‌رپرسانی‌ ئه‌مه‌ریكا به‌توندی‌ ره‌خنه‌یان نه‌كه‌ن\"".

به‌رپرسه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كه‌ له‌زاری‌ سه‌ركرده‌كانی‌ عێراقه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت \""سه‌ركردایه‌تی‌ سعودییه‌ به‌ئاشكرا رێگه‌یان به‌پیاوانی‌ ئاینیان داوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ خولی‌ جامی‌ غه‌زه‌بی‌ خۆیان به‌سه‌ر شیعه‌دا بڕێژن\"". به‌رپرسه‌كانی‌ عێراق به‌هێڵیان راگه‌یاندوه‌ بڕوایان به‌و تیۆرییه‌ هه‌یه‌ كه‌ \""ده‌وڵه‌تی‌ وه‌هابی‌ سعودییه‌، سه‌رپه‌رشتی‌‌و هانده‌ری‌ تایه‌فه‌گه‌راییه‌ له‌عێراقدا\"".

له‌بروسكه‌كه‌دا، هێڵ نمونه‌ به‌وته‌ی‌ هه‌ندێك له‌به‌رپرسانی‌ عێراق ده‌هێنێته‌وه‌، كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ راوێژكاری‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ عێراق سه‌فا شێخ بوه‌، ئاگاداری‌ كردونه‌ته‌وه‌ نفوزی‌ سعودییه‌ له‌عێراق \""گرنگه‌‌و له‌وانه‌یه‌ زۆر له‌نفوزی‌ ئێرانیش كاریگه‌رتربێت\""، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ \""بونی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ دارایی‌‌و میدیایی‌ كه‌ سعودییه‌ به‌كاریده‌هێنێت، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێران گرفتاری‌ قه‌یرانه‌ ناوخۆییه‌كانێتی‌\"".

یه‌كێكی‌ دیكه‌ له‌و به‌رپرسه‌ عێراقیانه‌ی‌ باسی‌ كاریگه‌ری‌ سعودییه‌ی‌ بۆ ئه‌مه‌ریكیه‌كان كردوه‌، راوێژكاری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت سادق ره‌كابی‌ بوه‌، كه‌ راشكاوانه‌ وتویه‌تی‌ \""سعودییه‌كان دژی‌ حكومه‌تێكی‌ به‌هێزن به‌سه‌ركردایه‌تی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌ عێراقی‌\"".

له‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ بروسكه‌كه‌دا هێڵ به‌راوردێك له‌نێوان سعودییه‌و ئێراندا ده‌كات‌و ده‌نوسێت \""سعودییه‌ نه‌وه‌كو ئێران، ته‌حه‌دای‌ گه‌وره‌و كێشه‌یه‌كی‌ زۆر ئاڵۆزی‌ به‌رده‌م ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ عێراقیانه‌ بو، كه‌ هه‌وڵیانده‌دا حكومه‌تێكی‌ سه‌قامگیرو سه‌ربه‌خۆ پێكبهێنن\"". هۆكاره‌كه‌شی‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ \""سعودییه‌ بڕوای‌ وابو عێراق به‌سه‌ركردایه‌تی‌ شیعه‌، نفوزی‌ هه‌رێمایه‌تی‌ ئێران له‌ناوچه‌كه‌دا زیاتر ده‌كات\"".

باڵێوز هێڵ، له‌بروسكه‌كه‌دا بۆچونی‌ سعودییه‌كانیش رونده‌كاته‌وه‌‌و ده‌ڵێت \""دیدێكی‌ نه‌ریتیان بۆ عێراق هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت عێراق ببێته‌ به‌ربه‌ستێكی‌ سوننی‌ له‌به‌رده‌م ته‌شه‌نه‌كردنی‌ شیعه‌و نفوزی‌ سیاسی‌ ئێراندا\"".

مه‌ترسیه‌كانی‌ ئێران
له‌بروسكه‌یه‌كی‌ نهێنیدا، هێڵ دێته‌ سه‌ر باسی‌ ئێران‌و هێما بۆ ئه‌وه‌ده‌كات هه‌رچه‌نده‌ نفوزی‌ ئێرانی‌ به‌سه‌ر پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌‌و ئاینی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ئابوری‌ له‌عێراقدا زاڵه‌، به‌ڵام حكومه‌تی‌ عێراق به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ ئێران به‌جۆرێك پۆلێن ده‌كات \""مه‌ترسیه‌كه‌ كه‌ ده‌كرێت چاره‌سه‌ربكرێت‌و به‌هه‌ڕه‌شه‌ی‌ نازانێت له‌سه‌ر قه‌واره‌و بونی‌ ده‌وڵه‌ت\"".

هیڵ رونیده‌كاته‌وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌سه‌رچاوه‌ سوننیه‌كان‌و هاوپه‌یمانه‌كانیان له‌ناوچه‌كه‌دا، به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌م بۆچونه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عێراقن‌و \""ده‌ترسن عێراق بكه‌وێته‌ خولگه‌ی‌ سیاسه‌تی‌ ئێرانه‌وه‌\"". له‌م بروسكه‌یه‌دا باڵێوزه‌كه‌ تاڕاده‌یه‌ك پشتیوانی‌ له‌بۆچونی‌ فه‌رمی‌ حكومه‌ت ده‌كات‌و ده‌نوسێت \""پاڵپشت به‌سه‌رچاوه‌ عێراقیه‌ باش ئاگاداره‌كان، ئێرانیه‌كان، له‌سعودییه‌كان لاوازترن، به‌ڵام پاڵپشتی‌ دارایی‌ پارته‌ سیاسیه‌كان‌و كه‌سایه‌تیه‌ گرنگه‌كان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌كو ده‌وڵه‌ته‌ هاوسێكانی‌ تر ده‌یكه‌ن\"".

هه‌ر له‌و بروسكه‌یه‌دا، هێڵ ئاشكرای‌ ده‌كات هه‌ریه‌كه‌ له‌سادق ره‌كابی‌‌و سه‌فا شێخ‌و وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق هۆشیار زێباری‌، وایان به‌باش زانیوه‌ سیاسه‌تمه‌داره‌ شیعه‌كان به‌ره‌نگاری‌ نفوزی‌ ئێرانی‌ ببنه‌وه‌، چونكه‌ \""چۆنێتی‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئێران ده‌زانن\"". ته‌نانه‌ت شێخ ئه‌وه‌ی‌ راگه‌یاندوه‌ دانوستانه‌كانی‌ نێوان عێراق‌و ئێران \""زۆر راشكاوانه‌یه‌، ئه‌وه‌ش رێگه‌ به‌حكومه‌تی‌ عێراقی‌ به‌سه‌ركردایه‌تی‌ شیعه‌ ده‌دات، كه‌ نفوزی‌ ئێرانی‌ له‌هه‌ندێك به‌ره‌وه‌ دوربخاته‌وه‌\"".

به‌وته‌ی‌ ئه‌و سێ‌ به‌رپرسه‌ عێراقیه‌، وه‌كو باڵێوزه‌كه‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌ ئێران \""به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی‌ نفوزی‌ هه‌ندێك له‌وڵاتانی‌ دیكه‌ی‌ هاوسێوه‌، نایه‌وێت بره‌و به‌تیرۆر بدات‌و سه‌قامگیری‌ حكومه‌ت بشێوێنێت\"". هه‌روه‌ها ده‌نوسێت \""هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ له‌كاتی‌ باسكردن له‌نفوزی‌ ئێرانی‌ وادیاره‌ بێزار ده‌بن، بۆیه‌ ده‌چنه‌ سه‌ر باسكردنی‌ ده‌وڵه‌تانی‌ دیكه‌ی‌ هاوسێ‌\"".

كریستۆڤه‌ر هێڵ، به‌بێ‌ ناوهێنانیان رایده‌گه‌یه‌نێت ژماره‌یه‌ك سه‌رچاوه‌ دانیان به‌وه‌داناوه‌ كه‌ ئێرانیه‌كان كۆمه‌كی‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ له‌نمونه‌ی‌ لیوای‌ \""یوم الموعود\""‌و رێكخراوه‌ بچوكه‌كانی‌ تر ده‌كه‌ن، به‌ڵام \""یارمه‌تیی‌ میلیشیا گه‌وره‌كانیان وه‌ستاندوه‌\"".

پرۆفایل:
كریستۆڤه‌ر رۆبه‌رت هێڵ
- ساڵی‌ (1952) له‌دایكبوه‌
- ساڵی‌ (1974) به‌كالۆریۆسی‌ له‌ئابوری‌ هێناوه‌
- له‌ (1974 - 1976) به‌شێوه‌یه‌كی‌ خۆبه‌خشانه‌ له‌كامیرۆن كاریكردوه‌
- له‌(1977) بوه‌ته‌ كارمه‌ند له‌وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا
- ساڵی‌ (1994) ماسته‌ری‌ له‌كۆلێژی‌ جه‌نگی‌ ده‌ریایی‌ هێناوه‌
- زمانه‌كانی‌ پۆڵه‌ندی‌‌و سربی‌‌و كرواتی‌‌و ئه‌لبانی‌‌و مه‌كه‌دۆنی‌ ده‌زانێت
- وه‌كو باڵێوز یان به‌رپرس له‌باڵێوزخانه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ كۆریای‌ باشور، مه‌كه‌دۆنیا، كۆسۆڤۆ، پۆڵه‌ندا كاریكردوه‌
- له‌ (2005) كراوه‌ته‌ یاریده‌ده‌ری‌ وه‌زیر بۆ كاروباری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ئاسیاو زه‌ریای‌ هێمن
- له‌ (20/4/2009) تا (22/9/2012) باڵێوزی‌ ئه‌مریكا بوو له‌عێراق
- ساڵی‌ (2010) بوه‌ته‌ راگری‌ كۆلێژی‌ جۆزێف كۆربڵ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌زانكۆی‌ دێنڤه‌ر
- خاوه‌نی‌ سێ‌ منداڵه‌"
Top