ئەحمەد داوود ئوغڵۆ: توركیا پشتگیری لە بەرەی ئەلنۆسرا ناكات
لەمبارەیەوە ئاژانسی جیهانی توركی بڵاویكردووەتەوە كە پەرلەمانتاری بەدەپە ئاڵتان تان پرسیاری ئەوەی لە وەزیری دەرەوەی توركیا كردووە كە ئایا راستە توركیا پشتگیری و هاوكاری بەرەی ئەلنۆسرا دەكات؟ بۆ چی توركیا لە دژی كورد پشتگیری لە بەرەی ئەلنۆسرا دەكات؟
وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داوود ئوغڵۆش لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا رایگەیاندووە كە توركیا بە هیچ شێوەیەك لە دژی كوردی سوریا نییە و ئەو هەواڵانەیش كە باسی هاوكاری و پشتگیری توركیا لە بەرەی ئەلنۆسرا دەكەن دوورن لە راستی.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كردووە كە توركیا پشتگیری لە سیاسەتی یەك پارچەیی سوریا و چارەسەركردنی ئاشتیانەی كێشەكانی سوریا دەكات و لە دژی هیچ گروپ و هیچ پێكهاتەیەكی ئەو وڵاتە پشتگیری لە پێكهاتەیەكی دیكە ناكات.