حكوومەتی توركیا هیچ بەرنامەیەكی بۆ دەر كردنی یاسای لێبووردنی گشتیی لە بەردەستدا نییە

حكوومەتی توركیا هیچ بەرنامەیەكی بۆ دەر كردنی یاسای لێبووردنی گشتیی لە بەردەستدا نییە
14ی‌ ئاب/ ئۆگۆست (گوڵان میدیا)- هاوكات لەگەڵ هەوڵدانەكانی حكوومەتی توركیا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد و دیموكراتیزە كردنی توركیا و كۆتایی هاتنی دۆزی ئەرگەنەكون، چەند كەس و لایەنێك لە توركیا باسی ئەوەیان كرد كە بریارە حكوومەتی توركیا لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا یاسای لێبووردنی گشتی دەر بكات.

لەم بارەیەوە كاناڵی تی ئار تی توركی پرسیاری\" ئایا حكوومەت دەیەوێ یاسای لێبووردنی گشتی دەر بكات؟\"" ئاراستەی وتەبێژی پارتی داد و گەشە پێدان حوسێن چەلیك كردووە و ناوبراویش لە سەر ناوی ئاكەپە و حكوومەتی توركیا وەڵامی ئەم پرسیارەی داوەتەوە.

حوسێن چەلیك لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ئاماژەی بەوە كردووە كە هەوڵدانەكانی حكوومەتی توركیا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد و دیموكراتیزە كردنی توركیا درێژەیان هەیە و بریارەكانی دادگای سزای گرانیش سەبارەت بە دۆزی ئەرگەنەكون بریاری گونجاون و بۆیە هیچ پێویست بەوە ناكات كە حكوومەت یاسایەك بۆ لێبووردنی تاوانبارەكان دەربكات.

چەلیك جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە لە چوارچێوەی قۆناخی چارەسەری پرسی كوردیشدا هیچ بەرنامەیەكی حكوومەت بۆ دەركردنی یاسای لێبووردنی گشتی نییە."
Top