١٢ی ئاب/ ئۆگۆست (گوڵان میدیا)- رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمزی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە كە رفاندنی رۆژنامەنووسان لە سووریا لە ماوەی ئەم ساڵدا بە شێوەیەكی ترسناك پەرەی سەندووە، بە شێوەیەك مەینەتییەكانی ئەو ململانێ خوێناوییە خراپتر بووەو شۆڕش بووەتە ئاژاوە، بۆیە سووریا بووەتە یەكێك لەو شوێنانەی جیهان بە رقەوە سەیری رۆژنامەنووسانی تێدا دەكرێت. رۆژنامەكە نووسیویەتی و دەڵێت كە پێدەچێت هەندێك لە رووداوی رفاندنی رۆژنامەنوسان لەلایەن گرووپی تیرۆریستی چەكدارو تۆڕی تاوانكارییەوە ئەنجام بدرێت بە مەبەستی دەستەبەركردنی پارە یان چەك یان كاری دیكە. رۆژنامەكە ئاماژە بەوەیش دەكات كە لەسەرەتاوە لەلایەنی هەندێك لە گرووپە چەكدارەكان و خەڵكی سڤیلەوە پێشوازی لە پەیامنێرانی بیانی كرا تا دەنگوباسی تاوان و كۆمەڵكوژییەكانی بەشار ئەسەد بڵاوبكەنەوە بەڵام دواتر ئو تێڕوانینیە گۆڕاو ئێستە بە بیانی و خۆ تێ هەڵقورتێنەر سەیر دەكرێن. رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەیش كردووە كە نالەباربوونی باری ئابووری لە سووریا بووەتە هۆی پەرەسەندنی رووداوی رفاندن و رووتاندنەوەو خیانەت كردن.